کەمال محەممەد: هاووڵاتی لە پرۆژەی ڕووناکی پارەی کەمتر لە موەلیدە دەدات

کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا
کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا

وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان و دەڵێت: ئەو پارەیەی ئێستا هاووڵاتییان دەیدەنە موەلیدە و کارەبای نیشتمانی، لە پرۆژەی ڕووناکیدا زیاتر لەو پارەیە نادەن.

کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: هاووڵاتییانی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە، لە پرۆژەی ڕووناکیدا کە کارەبای 24 کاتژمێری بەو پرۆژەیە دابین دەکرێت، هاووڵاتییان پارەیەکی کەمتر لە پارەی موەلیدە دەدەن.

وەزیری کارەبا گوتیشی: دڵنیایی دەدەین، سەدا 90ـی هاووڵاتییان لە پرۆژەی ڕووناکی پارەی زیاد نادەن، بۆیە ئەگەر پارەی پرۆژەی ڕووناکی لە پارەی ئێستای موەلیدە کەمتر بێت، لەگەڵ ئەوەشدا بێدەنگ بێت و ژینگەش پیس نەکات، پێویستە لەگەڵ ئەو پرۆژەیە بین و پشتیوانیی بکەین بۆ ئەوەی پرۆژەکە بە ئەنجام بگات.

کەمال محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، ئەوانەی بە مەبەست دەیانەوێت لە بەهای پرۆژەی ڕووناکی کەمبکەنەوە لای هاووڵاتییان، بە ئامانجی خۆیان ناگەن، گوتی: ئێمە هەمیشە پشتیوانی سەرۆک وەزیران و پرۆژەکانی دەکەین و بەردەوام دەبین.