بەرزترین پرد لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە سۆران دروست دەکرێت

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە، کارکردن لە شەقامی 40 مەتری سۆران بەردەوامە و بەرزترین پرد لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئیدارەکە دروست دەکرێت.
لە 28ـی ئایاری 2024، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەکی دانا و، یەکێک لە پڕۆژە ستراتیجییەکان دانانی بەردی بناغەی شەقامی 40 مەتری سۆران بوو.
ئەم شەقامە دووسایدە و پێنج کیلۆمەتر درێژە، شەقامەکە بەرزترین پرد لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان لەخۆ دەگرێت، درێژییەکەی 250 مەترە بەرزییەکەشی 23 مەترە. تێچووی پردەکە 28 ملیار دینارە و کۆی گوژمەی پڕۆژەکە 50 ملیار و 500 ملیۆن دینارە.
ئەمە جگە لەوەی سیمایەکی جوان دەبەخشێت، ڕێگەی ناوەندیی سۆران بە شارۆچکەی مێرگەسۆر دەبەستێتەوە و دەبێتە هۆی کارئاسانییەکی زۆر هاتووچۆی شۆفێران.
سۆران لە 14ـی ئەیلولی 2021، لە شارۆچکەوە بە فەرمی لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرا بە ئیدارەی سەربەخۆ و شەش قەزا لەخۆ دەگرێت.