برایەتی كێشەی تێكەوت و شێروانەش سوودمەندی ئەم هەفتەیە بوو
شێروانە بەبێ ئەوەی یاریی بەرامبەر سەیدسادق، رانیە و برایەتی بكات 9 خاڵی بەدەستهێنا

گەڕی 22ـی خولی نایابی كوردستان لە بەرژەوەندی یانەی شێروانەی پێشەنگی خولەكە كۆتایی هات، بەوپێیەی یانە كەلارییە بەبێ ئەوەی بەرامبەر برایەتی یاریی بكات 3 خاڵی بەدەستهێنا، لە بەرامبەردا ركابەرەكانی یانە گەرمیاییەكە، زاخۆ و پێشمەرگە نەیانتوانی لەم هەفتەیە سەركەوتن تۆمار بكەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، لە گەڕی 22ـی خولی نایابی كوردستان، یانەی هەولێر بۆ رووبەڕووبوونەوەی سیروانی نوێ سەردانی سلێمانی كرد، یانەكەی قەڵاومنارە یارییەكەی 3 ـ 0 دۆڕاند، بەمەش تووشی سێیەمین شكستی لەسەریەك بوو.
لە لایەكی دیكەیشەوە، یانەی پێشمەرگەی هەولێر بۆ رووبەڕبوونەوەی دەربەندیخان رێگایەكی دووری بڕی، بەڵام نەیتوانی بە خەونەكەی بگات و دوو خاڵی لەدەست دا، پێشمەرگە و دەربەندیخان یارییەكەیان بە گۆڵێك بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات، بەمەش پێشمەرگە هەنگاوێك لە بردنەوەی نازناوەكە دووركەوتەوە.
لە لایەكی دیكەیشەوە، یانەی برایەتی بەهۆی بایكۆتی یاریزانەكان نەیتوانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی شێروانە گەشتی كەلار بكات، بەمەش شێروانە بە براوە 3ـ 0 هەژمار كرا، یانە گەرمیاییەكە بە 46 خاڵ لە لوتكەی خولی نایابی كوردستان مایەوە.
یاریدەدەری راهێنەری یانەی برایەتی لە رێگەی كوردستان24ـەوە راگەیاند یاریزانەكانی زیاتر لە 90 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە و ناتوانن بەم دۆخە بەشداریی یارییەكانی دیكەی داهاتووش بكەن.





