دەروازەی ئیبراهیم خەلیل: هاتوچۆ دەستی پێکردەوە

ڕاگەیاندنی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل ئاشکرای کرد، هاتوچۆ لە دەروازەکە دەستی پێکردەوە دوای ئەوەی بەهۆی چەند کێشەیەکی تەکنیکی وەستابوو.

سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، ڕاگەیاندنی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل ئاشکرای کرد، بەرپرسانی دەروازەی خابوور لەلای تورکیاوە ئاگەداریانی کردووەتەوە، گرفتە تەکنیکییەکان چارەسەرکراون و هێواش هێواش هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی لە دەروازەکە دەستی پێکردووەتەوە، دەشڵێت: ئەگەر هیچ گرفتێکی دیکەی تەکنیکی دروست نەبن، ڕەوشی دەروازەکە بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچێت.

بەشی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی دەروازەی سنووریی نێودوەڵەتیی ئیبراهیم خەلیل ئەمڕۆ لەسەر پەککەوتنی جموجووڵی گەشتیاری و بازرگانی لە دەروازەکە ڕوونکردنەوەیەکی دا  و ڕایگەیاند، کێشەکە تەکنیکییە و گرفتەکە لە لایەنی تورکیاوەبووە.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاووڵاتییان ئاگادار کرانەوە، کە ئەمڕۆ 18ی ئاداری 2025، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی لە سیستەمی بەشی پاسپۆرت لەلایەن ئیدارەی سنووری تورکیاوە، گرفت بۆ هاووڵاتییانی هەڵگری پاسپۆرتی تورکی دروست بوو، هەربۆیە هاتن و چوونی گەشتیاری و بازرگانیی لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان پەکی کەوت و کێشە دروست بوو.