لەبارەی نوێترین وەشانی ئەپڵیکەیشنی ئی هەڵسەنگاندن مامۆستا و قوتابییان ئاگادار دەکرێنەوە

وەزارەتی پەروەردە، نوێترین وەشانی ئەپلیکەیشنی ئی هەڵسەنگاندنی ڕاگەیاند و گوتی: مامۆستا، قوتابی و سەرپەرشتیاری قوتابییان دەتوانن لێی سوودمەند بن.
سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا نوێترین وەشانی ئەپڵیکەیشنی ئی هەڵسەنگاندنی ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، نمرەی قوتابییان بە تاقیکردنەوەکانی نیشتیمانی پۆلی 9ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیشەوە لە ئەپڵیکەیشنی (ئی- هەڵسەنگاندن) هەیە، هەروەها مامۆستایان و قوتابییانی قوتابخانەکانی دەرەوەی وڵاتیش، دەتوانن سوودمەند بن لە هەموو خزمەتگوزارییەکانی ئەپڵیکەیشنەکە پاش خۆتۆمارکردنیان لە ڕێگەی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی.
هاوکات ئالان حەمەسەعید، دەڵێت: ئێستا لە نوێترین وەشانی ئەپڵیکەیشنەکەوە، چەندین بابەتی نوێی تێدا دانراوە ، جیا لەوەی بابەتەکانی دیکە وەک خۆیان ماون کە ( نمرەی قوتابی ) و ( هەڵسەنگاندنی قوتابی) و ( ئەرکی ماڵەوە) و ( خشتەی وانەکانی هەفتە) و ( کاتی تاقیکردنەوەکان ) و ( وریاکەرەوەکان)، هەروەها ئەم بابەتانەش زیادکراون:
-ڕاهێنانی ئەلیکترۆنی بۆ مامۆستایان زیاد کراوە و دانراوە ، کە چەندین کۆرسی ڕاهێنان بۆ مامۆستایان ئامادەکراوە لە چەندین بواری پەروەردەی و پێداگۆجی بە ڤیدیۆ و نووسین و فایل و کاری گروپکاری.
-بەدواداچوونی نوسراوەکان زیاد کراوە ، مامۆستایان و فەرمانبەرانی (وەزارەتی پەروەردە)، دەتوانن لە رێگەی نووسینی ژمارەی نوسراوەکەیان و ژمارەی مۆبایلەکەیان گەڕان بکەن بۆ مامەڵەی نووسراوەکانیان لە وەزارەت ، هەر جوڵەیەک و پەراوێزێک و واژۆکردنێک لە مامەڵەکانیان ڕووبدات دەتوانن لەماڵی خۆیانەوە ئاگاداری بن.
-بۆ مامۆستایان و قوتابییان، کتێبخانەی ئەلیکترۆنی زیاد کراوە کە بە پێشکەوتووترین شێواز دیزاین کراوە، هەر لاپەڕە یان کتێبێک بخوێنیتەوە لای وەزارەت دیار دەبێت کە بە چەند کاتژمێر و خولەک خوێندراوەتەوە، جیا لەوەی مامۆستا دەتوانێت قوتابییەکان هان بدات بۆ خوێندنەوە . کتێبەکانی ناو کتێبخانەی ئەلیکترۆنی پەروەردەین بە زمانەکانی( کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی) بەردەستن.
-بۆ مامۆستایان و قوتابیان (ڕێنمایی خێزان) زیادکراوە، دایک و باوک دەتوانن سوودمەند بن کە چۆن مامەڵە لەگەڵ منداڵکەیان دەکەن، فێرکارییە بەراییەکانی ئاکار و ڕەوشت ؛ بەها ڕەفتارییەکان ؛ چۆنیەتی هاوکاری منداڵان لە نووسین و خوێندنەوە ؛ چۆنیەتی گەشەپێدانی زمانی منداڵ ؛ خێزان چی بکات بۆ پشووی هاوینەی منداڵەکانیان ؛ هۆشیاری تەکنەلۆژیا ؛ کەمسەرنجی و فرەجوڵە ADHD ، بیرکۆڵی دێسلێکسیا ؛ مامەڵەی منداڵی ئۆتیزم ؛ سترێس لەکاتی تاقیکردنەوەکان، مامەڵەکردن لەگەڵ هەرزەکار، چەندین بابەت لەسەر خۆراک و تەندروستی کە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە ئامادەکراوە، کارامەییەکانی ژیان لە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەو بڕیاردان و چارەی ناکۆکی .
-بۆ مامۆستایان و بەخێوکاری قوتابییان، ڕیزبەندی قوتابخانەکان زیادکراوە و دانراوە؛ وەزارەتی پەروەردە ساڵانە هەڵسەنگاندن بۆ هەموو ناوەندەکانی خوێندن دەکات کە بەسەر چوار ئاستدا پۆلێنیان دەکات و ئاستی چوارەم بەرزترین ئاستە کە قوتابخانە بە دەستی دەهێنێت، ئەنجامەکانی بە نمرە و ئاستەوە لێرە دانراون، مافی هەموو دایک و باوکێکیە بزانێت کە ئاستی قوتابخانەی منداڵەکەی چۆنە و هانی دەدات کە هاوکاربێت لەبەرەو پێشبردنی ئاستی قوتابخانەی منداڵەکانی.
-بەشی ڕاپرسی زیادکراوە ، وەزارەت بۆ ئەوەی بیەوێت ڕاپرسی مامۆستایان یان بەخێوکارانی قوتابییان وەربگرێت لەسەر بابەتێکی پەروەردەیی و فێرکاری لەم ئەپڵیکەیشنەوە دەرئەنجامی باشتر و دروستتری دەست دەکەوێت وەک لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا.
-بەشی پەیامی وەزارەت لە ئەکاونتی وەزارەتی پەروەردە زیاد کراوە، کاتێک وەزارەت بیەوێت ڕاگەیەندراوێک یان پەیامێک بداتە کارگێری ناوەندەکانی خوێندن یان مامۆستا یان بە خێوکاری قوتابی یان ئەدمینانی سیستمی ئەلیکترۆنی وەزارەت کە ژمارەیان زیاتر لە 11 هەزارئەدمینە ، دەتوانێت لەو ئەپڵیکەیشنەوە بەکەمترین ماوە پەیامەکەی بگەیەنێت و دەچێتە بەشی وریاکەرەوەکان ( نۆتیفیکەیشن) . جیا لەوەی دەتوانێ کاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان و هەروەها پشووەکان لەناو ئەو ئەپڵیکەیشنەوە ڕابگەیەنێت .