لە گوندێکی سەیدسادق گەنجێک ئەندامانی خێزانەکەی کومەڵکوژ کرد

وێنە سێ لە کوژراوەکانی گوندی گرێزە
وێنە سێ لە کوژراوەکانی گوندی گرێزە

لە گوندی گرێزەی سنووری شارۆچکەی سەیدسادق لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لە ڕووداوێکدا گەنجێک بە دەسڕێژی گوللە پێنج ئەندامی خێزانەکەی کوشت و دواتر خۆیشی کوشتووە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ڕووداوەکە نزیک کاتژمێر 12:00ی شەوی ڕابردوو، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و دەمەقاڵەی نێوان ئەندامانی خێزانەکەوە بووە و گەنجەکە بە کڵاشینکۆف دەسڕێژی لە باوکی و دایکی دوو خوشکی و برایەکی کردووە و سەرجەمیانی کوشتووە، دواتریش کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و باس لەوە دەکرێت، ئەو گەنجەی ئەندامانی خێزانەکەی کۆمەڵکوژ کردووە، چەند ساڵێک لە دەرەوەی وڵات و لە بەریتانیا ژیاوە و چەند ڕۆژێکە بەسەردان گەڕاوەتەوە.

دوای ڕووداوەکە، تەرمەکان گواستراونەتەوە نەخۆشخانەی گشتیی سەیدسادق و لە وێشەوە براونەتە پەیمانگەی پزیشکی دادی سلێمانی، دوای توێکاری، تەرمەکان ڕەوانەی گوندی گرێزە کراونەتەوە.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکان، سەرۆکی خێزانەکە، کە ناوی سالار محەممەدە تەمەنی 50 ساڵە و بەهۆی ئەوەی فەرمانبەری فەرمانگەی کارەبا بووە بە سالاری کارەبا ناسراو بووە، هەروەها چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی نەشتەرگەری دڵی بۆ کراوە.

سەبارەت بە ڕووداوەکە، پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ زانیاریی و ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو نەکردووە و تەنیا ئەوەی هەیە زانیاریی خزم و کەسە نزیکەکانی ئەو خێزانەیە، گوایە کێشەکە لەسەر دابەشکردنی موڵک و میراتی بووە و بەرەبەیانی ئەمڕۆکە لە گۆڕستانی گوندی گرێزە تەرمی هەر شەش کەسی خێزانەکە لە تەنیشت یەک بەخاک سپێردران.

ناوی کوژراوەکان:

سالار محەممەد 50 ساڵ – سەرۆکی خێزان

نیهایەت قادر – هاوژینی سالار و دایکی منداڵەکان

سەهەند سالار 14 ساڵ 

یارا سالار 8 ساڵان

سیما سالار

ناوی ئەو کوڕەی ئەندامانی خێزانەی کوشتووە:

بەشیر سالار 22 ساڵ دانیشتووی بەریتانیا