هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا گەیشتووەتە زیاتر لە 200 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە

ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ـی ئاداری 2025، ئیدارەی وزەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هەناردەی نەوتی عێراق لە هەفتەی ڕابردوودا زیادی کردووە.
ئیدارەی وزەی ئەمەریکا ڕایگەیاند "تێکڕای هاوردەکردنی نەوتی خاوی ئەمەریکا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە هەشت وڵاتەوە گەیشتووەتە چوار ملیۆن و 673 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بە بەراورد بە هەفتەی پیشووتر 904 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەم بووەتەوە، کە پێنج ملیۆن و 577 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا."
ئاماژەی بەوەش کردووە "هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، کە گەیشتووەتە 202 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمەش بە بەراورد بە هەفتەی پێشووتر 32 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، زیادی کردووە."
هەروەها ئیدارەی وزەی ئەمەریکا ڕوونیشی کردەوە "زۆرترین هاوردەکردنی نەوتی ئەمەریکا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە کەنەدا بووە، بە ڕێژەی سێ ملیۆن و 134 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە دوای ئەویش کۆڵۆمبیا دێت، بە 345 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ڤەنزوێلا بە ڕێژەی 319 هەزار بەرمیل و سعوودیەش بە ڕێژەی 218 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا."
بەگوێرەی خشتەکە "هاوردەی نەوتی خاوی ئەمەریکا لە مەکسیکەوە 195 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، لە نەیجیریا 193 هەزار بەرمیل و لە بەرازیلیشەوە 63 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا."