خێزانی سه‌رمایه‌داره‌ كورده‌ تیرۆركراوه‌كه‌ی كه‌ركووك: هەقی کوڕەکەمان بسەنن

دایکی نەوزاد: کوڕەکەم بەناهەق کوژرا، هیچی نەبوو، بەدەستبەستراوی گرتیان و کوشتیان


K24 - کەرکووک

تەرمی سەرمایەدارێکی کورد لە کەرکووک لەگەڵ دوو کەسی دیکە بە قۆڵبەستکراوی دۆزرایەوە. خانەوادەکەی دەڵێن، کوڕەکەیان هیچ کێشەیەکی نەبووە و لەسەر کوردایەتی شەهید کراوە.

نەوزاد سابیر، سەرمایەدارێکی کورد بوو لە کەرکووک کە خاوەنی نەمامگەی چراخان بوو، شەوی پێنجشەممە تەرمی ئەو و دوو کەسی دیکە، کە کرێکاربوون لە نەمامگەکەی، بە قۆڵبەستکراوی و گوللـەبارانکراوی دۆزرایەوە و چەند کەسێک لەسەر تیرۆرکردنەکە دەستگیرکراون.

فاتیمە ئەحمەد، دایکە جگەرسووتاوەکەی نەوزاد بە قوڕگی پڕ لە گریانەوە قسە بۆ کوردستان24 دەکات و، دەڵێ "کوڕێکم لەسێدارەدراوە و ئەوە دووەمین کوڕمە. لە حکومەتەکانم دەوێت هەقی کوڕەکەم نەفەوتێت. توخوا هەقی بسەنن، داوا لە مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی دەکەم هەقی کوڕەکەم بسەنن... کوڕەکەم بەناهەق کوژرا، هیچی نەبوو، بەدەستبەستراوی گرتیان و کوشتیان".

هاوژینی سابیر، شەهیرە محەمەد بەهەمان شێوە بەگریانەوە قسە دەکات و دەڵێ "من خۆم کچە شەهیدم و پیاوەکەشیان شەهید کردم. بە ناهەق کوشتیان چونکە پارتی بوو و دایمە بەرگری لە کاک مەسروور و بارزانی دەکرد، لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە ئەو کەرکووکە خێری لەخۆی نەبینیوە، هەر کورد دەکوژرێت و کەسمان نەما، هەمووی لەو رێگەیە شەهید بوون".

 

هـ.ر.