لە مزگەوتێکی شاری هەولێر هەموو ڕۆژێک کەباب بۆ ڕۆژووانان ئامادە دەکرێت

لەمانگی ڕەمەزاندا، زۆرێک لە مزگەوتەکانی هەولێر ئێوارەخوان بۆ ڕۆژووانان ئامادە دەکەن، هەروەها لە یەکێک لە مزگەوتەکان خواردن دەدرێتە 300 کەس.
دووشەممە، 24ـی ئاداری 2025، مەجید بارۆ گەردی، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: سێیەمین ساڵە بە بەردەوامی لە مانگی ڕەمەزان لە یەکەم ڕۆژەوە تاوەکوو کۆتایی ئەم مانگە، خواردن بۆ ڕۆژووانان ئامادە دەکرێت.
مەجید گەردی، گوتیشی: بۆ بەرەبانگ، نیسک و خورما و شیرینیی ئامادە دەکرێت، دوای نوێژی مەغریب خواردن پێشکەشی ڕۆژووانان دەکرێت، کە زۆرینەی ڕۆژەکان کەبابە و هەندێک جاریش برنج و گۆشتە.
مەجید گەردی باسی لەوەش کرد، ڕۆژانە خواردن بۆ 300 کەس ئامادە دەکەن، کە بەشێک لەوانە کرێکارانی بیانین و بەشێکی دیکەیان ڕێبواران و شۆفێرانی تەکسین، ئەمە جگە لە دانیشتووانی نزیک مزگەوت.
ئامادەکردنی خواردن لە مانگی ڕەمەزان بۆ ڕۆژووانان نەریتێکی کۆنی مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستانە و ئەم نەریتە لە بەشێکی زۆری مزگەوتەکان بە زیندووی ماوەتەوە.