کێڵگەیەکی پەلەوەر بە 10هەزار مریشکەوە سووتا

بەهۆی شۆرتی کارەباوە 10هەزار مریشک لە کێڵگەیەکی پەلەوەری لە گوندی ڕیشەی دەڤەری بارزان مرداربووەنەوە و خاوەنەکەشی دەڵێت: زیاتر لە 40هەزار دۆلار زیانی پێگەیشتووە و بەرگری شارستانی سۆرانیش ئاشکرای دەکات، کێڵگە پەرلەوەرییەکە هیچ مەرجێکی سەلامەتی نەبووە.
سێشەممە، 25ـی ئاداری 2025، یوسف عەلی، خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکە بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بەهۆی شۆڕتی کارەباوە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 10هەزار مریشک مردابوونەتەوە.
گوتیشی: لە شوێنی بەخێوکردنی پەلەوەرەکاندا چەند هیتەریکی گەرمکردنەوەی هەیە، هیتەرێکیان شۆڕتی کردووە و بەهۆیەوە ئاگرکەوتووتەوە.
یوسف عەلی، باسی لەوەشکرد، یەک مریشکی بۆ ڕزگارنەکراوە و جیا لەوەی زیاتر لە 40هەزار دۆلار زەرەرکردووە، زیانێکی زۆریش بەر شوێنەکە کەوتووە.
هەر لە بارەی ئەم ڕووداوەوە، ڕەوەند هاودیانی، گوتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: کێڵگە پەلەوەرییەکە مەرجی سەلامەتی تێدانەبوو، بەشێک لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی پێشووتر دروستکراون، مەرجی سەلامەتییان نییە، بەڵام لە کاتی نوێکردنەوەی مۆڵەتی کارکردن تا مەرجەکانی سەلامەتی جێبەجێ نەکەن ، مۆڵەتەکانیان نوێ ناکرێتەوە.