عێراق و کۆمپانیای 'BP'ـی بەریتانی لەسەر پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی چوار کێڵگەی کەرکووک ڕێککەوتن

کۆمپانیای بریتش پترۆلیۆمی بەریتانی و وەزارەتی نەوتی عێراق، گرێبەستیان بۆ پەرەپێدان و بەرهەمهێنان لە چوار کێلگەی نەوتی کەرکووک ئیمزا کرد.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، "ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی ئادار، بەسەرپەرشتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕێککەوتنی گرێبەستی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای (بی پی) بەریتانی، دەربارەی پەرەپێدان و بەرهەمهێنان لە هەرچوار کێڵگەی نەوتی کەرکووک (بای حەسەن، هاڤانە، جمبور و خەباز) ئیمزا کرا."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، گرێبەستەکە بریتییە لە نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی هەر چوار کێلگەکە، بۆ بەرزکردنەوەی یەدەگی هایدرۆکاربۆن و زیادکردنی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو، بە ئامانجی گەیشتن بە 420 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، هەروەها لە ڕێگەی نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی دامەزراوەکانی کۆمپانیای غازی باکوور، ڕۆژانە 400 ملیۆن پێ سێجا غازی ستاندارد بەرهەم دەهێنرێت، هەروەها وێستگەیەکی کارەبا بە توانای 400 مێگاوات دادەمەزرێندرێت.
ئاماژە بەوەش دراوە، پڕۆژەکە کاریگەریی لەسەر وەستاندنی بەردەوامی سووتانی غازی پەیوەست بە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو دەبێت، هەروەها سووتەمەنی پێویست بۆ وێستگەکانی کارەبا دابین دەکات.