پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه سوپاسی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كانی پەرلەمانی عێراق ده‌كات

پارێزگاری هەڵەبجە، وێرای سوپاسکردنی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق، هیوای خواست لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی پەرلەمان دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت.
چوارشەممە 26ـی ئاداری 2025، نوخشه ناسیح، پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه بە وەکالەت، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: سوپاسی گشت فراكسیۆنه كوردستانییه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق دەکەم، بۆ ئەو هەوڵ و ماندوبوونەیان کە تایبەت بە بابەتی دەنگدان بە پارێزگابوونی هەڵەبجە داویانە.
پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه بە وەکالەت، دەڵێت: سوپاسی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق دەکەم، چونکە بڕیاریان داوه به‌شداریی هیچ کۆبوونەوەیەک نه‌كه‌ن ئه‌گه‌ر پرسی به پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه له بڕگەی یەکەمی بەرنامەی کاری پەرلەماندا نەبێت.
گوتیشی: ئه‌م بابه‌ته زیاتر مرۆییه نه‌ك سیاسی و له خه‌م و ئازاره‌كانی خەڵكی هه‌ڵه‌بجه كه‌م ده‌كاته‌وه له پای ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تی و كیمیابارانه‌ی به‌سه‌ریان هاتووه.
نوخشه ناسیح، هیواشی خواست له کۆبوونەوەکانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، پاش جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان ده‌نگ له‌سه‌ر پرۆژه یاساكه بدرێت.
بڕیار وابوو ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، په‌رله‌مانی عێراق به پێی ئه‌و خشته‌یه‌ی بڵاوی كردبووه‌وه بۆ ده‌نگدان به پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه و چه‌ند پرۆژه‌یاسایه‌كی دیكه كۆ ببێته‌وه، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كه له‌م باره‌وه بۆ جاری دووه‌م دواخرا.