ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی جەژنە لە کەرکووک
هەرێمی کوردستان بە فەتوای لێژنەی باڵای بینینی مانگ، دوێنێی کردە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، بەڵام لە پارێزگاکانی عێراق ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی جەژنە.
ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانە لە کەرکووک و بەغدا و ناوچەکانی دیکەی عێراق، پاش ئەوەی دیوانی وەقفی سوننی عێراق ڕەتی کردەوە مانگ بینرا بێت و 30ـی ئادار بکەن بە جەژن، بە هۆیەوەش بەشێک لە سوننەکان پێیان وابوو فەتواکەی دیوانی وەقفی سوننی نا دروستە و 30ـی ئادار یەکەم ڕۆژی جەژنە، بۆیە پابەندی فەتواکەی دیوانی وەقفی سوننی نەبوون و کردیان بە جەژن.
سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک ڕایگەیاند: لەگەڵ ئەوەی دوێنێ دەرگای مزگەوتەکان بەڕووی موسڵمانان داخرابوو، ئەمڕۆ کرانەوە و نوێژی یەکەم ڕۆژی جەژن کرا، لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە خەڵکی کەرکووک دووەم ڕۆژی جەژنی بوو، ئەوانەی ئەمڕۆ لە مزگەوت و نوێژی جەژن گەڕاونەتەوە، پیرۆزبایی و گەردن ئازایی لەیەکتر دەکەن.
هاووڵاتییەک لە گەڕەکی شۆرجە هاووڵاتییەک گوتی: من لە چەمچەماڵەوە هاتووم، دوێنێ لە چەمچەماڵ جەژنم کردووە، ئەمڕۆ لە کەرکووکیش بوو بە جەژن و جەژنمان دووبارە کردەوە.
هاووڵاتییەک دەڵێت: ئەمڕۆ دووەم ڕۆژی جەژنە، جەژنمان کرا بە دوو جەژن و خەریک بوو لە هەردوو جەژنیش ببین، سەرمان لێشێواوە.
هاووڵاتییەکی دیکە گوتی: کلتوورێک لەنێو خەڵکی کەرکووک هەیە، هەموو دراوسێکان سەردانی یەک دەکەن و جەژنە پیرۆزبایی و گەردن ئازایی لە یەکتر دەکەن.
سەیف عەلی، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا گوتی: دەمێکە شیعە و سوننە بەیەکەوە و لە یەک ڕۆژدا جەژن ناکەن، بۆیە لە دوێنێوە بەشێکی خەڵکی سوننە کردیان بە جەژن و بەشێکی دیکەش ئەمڕۆیان کرد بە جەژن لەگەڵ شیعەدا، بەمەش جارێکی دیکە لایەنە شەرعییەکان لە پرسی یەکەم ڕۆژی جەژن بووە ناکۆکیان.