وانگ یی: چین بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا ئامادەیە ڕۆڵێکی بنیاتنەر بگێڕێت

وەزیری دەرەوەی چین ڕایگەیاند: وڵاتەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا، ئامادەیە ڕۆڵێکی بنیاتنەر بگێڕێت، هاوکات پاڵپشتیی لە مۆسکۆ دەکات لە بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی.
سێشەممە 1ـی نیسانی 2025، وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین، لەمیانەی دیداری لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، هاوتا ڕووسییەکەی دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی لەگەڵ ڕووسیا کاردەکات بۆ بەشدارییەکی کارا لە دۆزی ئاشتی و گەشەپێدانی مرۆیی.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، وڵاتەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا، ئامادەیە ڕۆڵێکی بنیاتنەر بگێڕێت، هاوکات پاڵپشتیی لە مۆسکۆ دەکات لە بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی.
جەختی لەوەش کردەوە، هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان چین و ڕووسیا، لە سەردەمی ئێستا نوێ دەبێتەوە و بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتوو هەنگاو دەنێت.
لەلایەکی دیکەوە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، خۆشحاڵی خۆی بە پێشخستنی پەیوەندیەکانی هەردوو وڵات بۆ ئاستێکی نوێ دەربڕی. هاوکات جەختی لەوە کردەوە، پەیوەندییەکان لە هەموو ئاستەکاندا بەردەوام دەبن لە گەشەکردن.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی چین، ڕایگەیاندووە، وانگ یی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە کە ئێستا بە سەردانێکی فەرمی لە ڕووسیایە، بڕیارە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین کۆبێتەوە.
مۆسکۆ و پەکین لە سەرەتای لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی 2022ـەوە پەیوەندییە سەربازی و بازرگانییەکانیان بەهێزتر کردووە، سەرەڕای ئەوەی چین بێلایەنی خۆی لە ململانێکان دووپات کردووەتەوە.