بازاڕێكی شوێنگره‌وه‌ بۆ بازاڕه‌ سووتاوه‌كه‌ی هه‌ولێر دروست ده‌كرێت

خاوه‌ن دوكانه‌كانیش به‌و پێشنیازه‌ رازین

K24- هه‌ولێر:

پارێزگاری ھەولێر لێژنەیەكی لەسەر ئاستی لایەنە پەیوەندیدارەكانی شارەكە پێكھێنا، بۆ ئەوەی لە زووترین كاتدا بە ھەماھەنگی خاوەن دوكانەكانی بازاڕی سیمی ھەولێر شوێنێكی گونجاو دیاری بكەن، تاوه‌كو بازاڕێكی نوێی ھاوچەرخی تێدا درووستبكرێت. ئەمەش دوای ئەوەی رۆژی ھەینی بەشێكی بازاڕەكە بەھۆی شۆرتی كارەباوە سووتا.

فرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر ئاماژەی بەوەكرد، سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستان بە گرنگییەوە لەسەر ھێڵە و بەڵێنی داوە، سەرجەم خزمەتگوزارییەكانی شوێنەكە بۆ كاسبكاران دابین بكرێت.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا خاوەن دووكانەكان بە پێشنیارەكەی پارێزگاری ھەولێر رازین، كە دروستكردنی بازاڕێكی ھاوچەرخە لە نزیكترین شوێنی ئێستایان، چونكە بازاڕەكە بەشێوەیەكی مۆدێرن درووست نەكراوە و كارەبای زێدەڕۆ بەشێوەیەكی ناڕێكخراو بۆ راكێشراوە، ئەمەش وایكردووە لە ماوەی 5 ساڵی رابردوودا سێ جار بازاڕه‌كه‌ بسووتێت.

بازاڕی سیمی گەڕەكی كوردستان لە 450 تا 500 دوكان پێكدێت، رۆژی ھەینی وەك ئەوەی ئاماژەی بۆ دەكرێت، بەھۆی شۆرتی كارەباوە بەشێكی بازاڕەكە سووتا، لە ئەنجامدا نزیكەی 200 دوكان زیانی پێگه‌یشت، ئەو لێژنەیەی لە پارێزگای ھەولێر پێكھێندراوە، لە رۆژانی داھاتوو دەستبەكار دەبن و بەھەماھەنگی خاوەن دوكانەكان ھەوڵی دۆزینەوەی شوێنێكی گونجاو بۆ بونیادنانی بازاڕێكی شوێنگره‌وه‌ دەدەن.

H.B