سەفین دزەیی: کۆمپانیا بیانییەکان سەرسامن بەو سەقامگیرییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی سەقامگیرە بۆ وەبەرهێنان و کۆمپانیا بیانییەکان سەرسامن بەو سەقامگیرییە.
چوارشەممە، 9ـی نیسان 2025، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سەرمایەدارەکان هەمیشە لەو شوێنانە وەبەرهێنان دەکەن کە ناوچەی ئارام و بێکێشەن، هەر بۆیە کۆمپانیا بیانییەکان سەرسامن بەو سەقامگیرییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە.
باسی لەوەش کرد، یاسای بەرکاری زۆرباشمان هەیە بۆ سەرمایەداران بۆ ئەوەی بتوانن لە هەرێم کار بکەن و هەوڵ دەدەین یاساکان سەردەمییانە بن بۆ ئەوەی زۆرترین کۆمپانیای بیانیی لە هەرێمی کوردستان پڕۆژەکانیان وەگەڕ بخەن.
محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بە کوردستان24ـی راگەیاند "هەوڵ دەدەین کۆمپانیای بێنە هەرێم و هەر بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ ئیمارات چەند پرۆژەیەک جێبەجێ دەکرێن و ئێستە ئیمارات پرۆژەیەکی زۆر سەرکەوتووی کشتوکاڵیی لە زاخۆ دەست پێ کردووە. لە پلانماندایە، لە ئایندەدا ژمارەیەک پرۆژەی جۆراجۆر بە هەماهەنگیی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەین. دەمانەوێت لە بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی وڵاتەکەمان بەشداربن."
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی کردەوە "هەوڵ دەدەین نەک تەنها ژمارەی کۆمپانیا ئیماراتییەکان زیاد بکەین، بەڵکوو قەبارەی وەبەرهێنانیش بەهەمان شێوە زیاد بکەین."