سەرۆکی بارسێلۆنا داهاتوو نێیمار و میسی یەکلایی کردەوە
جۆزێپ ماریا بارتیمیۆ سەرۆکی بارسێلۆنا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی وەرزشی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی زۆر بابەتی گرنگی یەکلایی کردەوە، نەگەڕانەوەی نێیمار لەم هاوینەوە و هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی لاوتارۆ مارتینێز و هەروەها مانەوەی لیۆنێل میسی لە یانەکەی باس کردووە.
- گەڕاندنەوەی نێیمار داسیلڤا
هیچ هیوایەکمان بۆ گەڕاندنەوەی نێیمار نیە لەم هاوینەدا، چونکە یانەی پاریس سانجێرمان ئامادەی ئەوە نیە هیچ یاریزانێکیان لەگەڵدا بگۆڕینەوە و ئێمە توانای ئەوەشمان نیە بە پارەیەکی خەیاڵی ئەو یاریزانە جارێکی دیکە بگوازینەوە ریزەکانمان، لەبەر ئەوەی یانەکەمان بە هۆی بلاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تووشی قەیرانێکی قورس بووە.
- گواستنەوەی لاوتارۆ مارتینێز لە ئینتەر میلان
سەبارەت بە لاوتارۆ مارتینێز گۆڵکاری ئارجێنتینایی یانەی ئینتەر میلانیش لەگەڵ کارگێری ئەو یانەیە چەند جارێک قسەمان کردووە، بەڵام گفتوگۆکان وەستاون و تاوەکو ئێستا هیچ شتێک لەبارەی ئەو یاریزانە یەکلایی نەبووەتەوە.
- داهاتووی لیۆنێل میسی لەگەڵ بارسێلۆنا
قسەکانی لیۆنێل میسی دوای دۆڕانەکەی بەرامبەر ئۆساسۆنا لە دیدی یاریزانێکی گەورە و پاڵەوانە کە دەیەوێت هەمیشە سەرکەوتوو بێت، لەو رۆژە ریال مەدرید بووە پاڵەوان و لیۆ زۆر دڵتەنگ بوو کە یانەکەی نەبووە پاڵەوان، ئەو دەزانێت کە تیپێکی باشمان هەیە، بەڵام پێویستە بەردەوام بین لەسەر هەوڵەکانمان و وەکو سەرکردەیەک بە شێوازێکی دیکە هەڵوێستەکانی دەربڕی.
سەبارەت بە داهاتووی لێۆنێل میسی دەمەوێت بڵێم ئەو یاریزانە چەندینجار بە راشکاوانە گوتوویەتی دەیەوێت لە بارسێلۆنا کۆتایی بە کاروانی وەرزشی بێنێت و هیچ گومانێکیشمان نیە لە داهاتوویەکی نزیکدا گرێبەستەکەی نوێ دەکاتەوە.