وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دێتە هەولێر

جان نۆیێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا (وێنە: AFP)
جان نۆیێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا (وێنە: AFP)

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.  

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی پاریس بۆ بەرەوپێشبردنی چارەسەری دوو دەوڵەتی ئیسرائیل و فەڵەستین، ئەمڕۆ چوارشەممە، 23-04-2025، جان نۆیێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گەشتێکی چەند ڕۆژی بۆ ژمارەیەک وڵاتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێ کرد و یەکەم وێستگەشی بەغدای پایتەختی عێراق بوو. 

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە لایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقەوە پێشوازیی لێ کرا و دواتر کۆنفرانسێکی هاوبەشیی ڕۆژنامەوانییان ساز کرد. بڕیارە هەر ئەمڕۆ لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیش کۆ ببێتەوە. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی نەورەس عەبدوڵلا، پەیامنێری کوردستان24، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 23-04-2025، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە بەغداوە سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆ دەبێەوە. 

ئەم سەردانە لە کاتێکدایە، ڕۆژی پێنجشەممە، 23-01-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ جان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆ بوووەوە.

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەوەی خستووەتە ڕوو، ئامانجی سەردانەکەی بارۆ بۆ بەغدا دووپاتکردنەوەی "پابه ندبوونی فەرەنسایە به سه قامگیریی عێراق و ڕۆڵی وەک ناوەندی هاوسەنگیی ناوچەیی و ڕووبەڕبوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە دوای پێشهاتەکانی نوێی سووریا و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە."

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا سبەینێ پێنجشەممە، 24-04-2025، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بەرەو کوێت و سعوودییە بەڕێ دەکەوێت. 

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندیی دۆستانەی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان کرد و سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامیی حکوومەت و گەلی فەرەنسای لە گەلی کوردستان کرد.

هەرێمی کوردستان و فەرەنسا پەیوەندییەکی پتەو و بەهێز و مێژوویی لە نێوانیاندا هەیە، لە زۆربەی قۆناغە سەختەکاندا فەرەنسا هاوکاریی هەرێمی کوردستانی کردووە. بەتایبەت لە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دروستکردنی ناوچەی دژەفڕین و پاراستنی گەلی کوردستان لەدەست رژێمی بەعس لە ساڵی 1991، جگە لەوە لە شەڕی داعشدا هاوکاریی و پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد.

لە 10 ساڵی رابردوودا، لەسەر ئاستی سەرۆکی وڵات، سەرۆکەکانی فەرەنسا لەو سەرۆک وڵاتانەن زۆرترین جار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment