نێچیرڤان بارزانی: هیوادارین ڕۆژی نزای نیشتمانی ببێتە دەنگی ئەوانەی باوەڕیان بە ئاشتییە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

نێچیرڤان بارزانی دووپاتی دەکاتەوە کوردستان بۆ هەمیشە بە نیشتمانی فرەیی، پێکەوەژیان، یەکترقبووڵکردن، لێبووردەیی، لێکترگەیشتن و ئاشتی دەمێنێتەوە.

چوارشەممە، 23-04-2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی نزای نیشتمانی لە هەولێر، گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "ئومێدەوارین ئەم ڕۆژە ببێتە نەریتێکی ساڵانە کە کەلتووری یەکگرتن، لێبووردەیی، یەکترقبووڵکردن و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بەهێز بکات و هاوکار و بەشدار بێت لە فراوانترکردنی پردەکانی متمانە لە نێوان کۆمەڵگەدا. هەروەها ببێتە دەنگی هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە ئاشتی هەیە، وەک هاوبەش و بەرپرسیارییەتی."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان،  بە "هەنگاوێکی جددی بۆ چەسپاندنی زياترى کولتووری لێكگەیشتن و ڕێزله‌يه‌كگرتن" ناو برد و باسی لەوە کرد "هه‌روه‌ها پەیامێکه‌ لە کوردستانەوە بۆ جیهان کە دەڵێت، فرەیی هەڕەشە نییە، بەڵکوو سەرچاوەی دەوڵەمەندییە و کۆمەڵگەکان دەتوانن بە ئارامی و شکۆوە، پێکەوە بژین کاتێک لەسەر متمانە و کرانەوە، بنیات دەنرێن."

وەکوو ئەوەی نێچیرڤان بارزانی، باسی کرد "به‌ درێژایی ساڵان، هەرێمى كوردستان سەلماندوویەتی کە نموونەیەکی واقیعییە لە ڕێزگرتن لە فرەیی و پاراستنی ئازادییە ئایینیييەکان و دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ هه‌موو پێکهاتە جیاوازەکان له‌ هه‌ر ئايين و نه‌ته‌وه‌يه‌ك بن." جەختیشی کردەوە "کوردستان بۆ هەمیشە بە نیشتمانی فرەیی، پێکەوەژیان، یەکترقبووڵکردن، لێبووردەیی، لێکترگەیشتن و ئاشتی دەمێنێتەوە."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێی وایە "بەهێزکردنی ئاشتی لە باوەڕی قووڵەوە بە بەهای مرۆڤ و به‌ ڕێزگرتن لە شكۆى مرۆڤایەتی بەبێ جیاوازی، سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. ئەم بەهایانە كاتێك ته‌واو جێگير ده‌بن كه‌ لە سیاسەتە گشتییەکان، پەروەردە، دادپەروەری و هاوکاريی نێوان ئایین و کولتوورەکاندا، پشتگيريى هەبێت و به‌ بڕواوه كاريان بۆ بكرێت. ئێمه‌ش له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌ جددى و بێ راوه‌ستان، كاريان بۆ ده‌كه‌ين."