بەرهەم ساڵح: ڕۆژی نزای نیشتمانی، ڕۆژێکی مێژووییە

چوارشەممە، 23-04-2025، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق، لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان، گوتارێکی پێشکەش کرد. 

سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق بەڕێوەچوونی ڕۆژی نزای نیشتمانی لە هەولێر بە  "ڕۆژێکی مێژووییە لە هەرێمی کوردستان" وەسف کرد  و دووپاتی کردەوە "کوردستان بە درێژایی مێژوو خاکی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان ئایین و پێکهاتە جیاوازەکان بووە." 

بەرهەم ساڵح، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی خستە ڕوو "ئەمڕۆ ئێمە وەکوو گرووپ و کۆمەڵی لە یەکدی جیاواز کۆ  نەبووینەتەوە، بەڵکوو یەک خێزانی مرۆیی پێکەوەین، یەکگرتووین لە نزا، بەزەیی و تێکۆشان بۆ ئاشتی."

سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق، هاوخەمیی خۆی بۆ لەدەستدانی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان دووپات کردەوە و وەکوو خۆی باسی کرد "پاپا بەردەوام هەوڵی بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە نێوان گەلان کردووە و هەموو کاتێک داوای کردووە، دەستی هاوکاریی بۆ یەکتر درێژبکەین، نەک پێچەوانە."

کاتژمێر 8:00ـیی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 23-04-2025، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی،  سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵا و سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و جیهان و پەرلەمانتارانی وڵاتان و نوێنەرانی حکوومەتەکان لە ئەمەریکا، ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ژێر دروشمی (بەرەو یەکبوون لە باوەڕدا)، ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان دەستی پێ کرد.