فەیسەڵ یوسف: 26ـی نیسان لە بیرەوەری کورد دەبێتە ڕۆژێکی مێژوویی
گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا ڕایگەیاند: نوێنەری سەرۆک بارزانی، حەمید دەربەندی ڕۆژی 26ـی نیسان، بەشداریی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کوردی دەکات.
هەینی 25ـی نیسانی 2025، فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا(ئەنەکەسە) لە لاپەڕەکەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، ڕۆژی 26ـی نیسان ئەو ڕۆژەیە کە یەکڕیزی و پێگەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەبیندرێت، ئەمەش لوتکەی خەباتی درێژ و سەختە بۆ پتەوکردنی شەراکەتی نیشتمانی لە سووریای داهاتوودا بە یەکگرتوویی هەڵوێستی کورد.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد دەڵێت: شەرەفمەندین نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی دکتۆر حەمید دەربەندی ڕۆژی 26ـی نیسان بەشداریی کارەکانی کۆنفرانس دەکات.
ئەمەش پشتیوانییەکی مەعنەوی گەورەیە بۆ کارەکانی کۆنفرانسەکە کە پشتیوانی لە یەکێتی کورد دەکات.
فەیسەڵ یوسف ئاماژەی بەوە کردووە، ناکرێ ڕۆڵی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) بۆ ئامادەکردنی کۆنفرانسەکە و سەرخستنی و یەکخستنی گوتاری کوردی لەبیر بکەن.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد دەڵێت: ڕۆژی 26ـی نیسان دەبێتە وێستگەیەکی مێژوویی لە بیرەوەری کورد، چونکە بەرەو یەکخستنی کوردە لەپێناو بونیاتنانی سووریایەکی دیموکرات کە باوەش بۆ هەمووان بکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، شاندێکی باکووری کوردستان کە پێکهاتبوون لە کەسکین بایندەر، هاوسەرۆکی بەدەپە، سەرحان ئارن، ئەندامی پارتی یەکسانی و دیموکراتی گەلان، لەگەڵ پەرلەمانتاران ساڵحە ئایدەنیز، گولگان کاجماز، محەممەد کاماتش، گەیشتوونەتە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان و لەلایەن ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی فەرمانگەکە و ئەندامانی فەرمانگەکە پێشوازیی کراون.
لەو سەردانەدا، بایندەر ئاماژەی بە گرنگیی بەستنی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کوردی کردووە کە سبەی لە قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان دەبەسترێت، تیشکی خستە سەر ئەوەی گەلی کورد بە پەرۆشییەوە دەڕوانێتە ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوودەدات، ئومێدی کردووە، کۆنفرانسەکە ببێتە سەرەتایەک بۆ دروستکردنی بنەمای یەکخستنی نیشتمانی کوردستان.