پێشبینی دەكرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا بەهاوین بەفر ببارێت
دەكرێت ئەو كارەساتە پلەكانی گەرما دابەزێنێت و ببێتە هۆی بەفربارین لە وەرزی هاوین
K24- هەولێر:
ئیڤان كۆلیكۆف، زانای گڕكانەكان رایگهیاند، پێشبینی دەكرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا زەوی رووبەڕووی كارەساتی گڕكانەكان ببێتەوە، بەو هۆیەشەوە ژینگە گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا بێت و بەفر لە وەرزی هاوین ببارێت.
بەگوێرەی پێگەی ئەلیكترۆنی Planet News، ئەو زانایە گوتی: گڕكانە كارەساتبارەكان هەموو 100 ساڵ جارێك یان دوو جار روو دەدەن، بەڵام لە ماوەی 2 سەدەی رابردوودا ئەو جۆرە گڕكانانە نەتەقیونەتەوە.
وەك خۆی دەڵێت: تێپەڕبوونی ئەو ماوە دوور و درێژە مەترسیی كارەساتەكە زیاتر دەكات. بۆ ئەمەش ئاماژە بە گڕكانی كراكاتاو لە ساڵی 1883 لە ئیندۆنیزیا و گڕكانی تامبورا لە ساڵی 1815 دەدات.
كۆلیكۆف جەخت دەكاتەوە، تەقینەوەی هەردوو گڕكانەكە بووە هۆی دابەزینی پلەكانی گەرما لە ئەوروپا و زیادبوونی رێژەی بارانبارین.
ههروهها گوتی: ئێستا هیچ ئاماژەیەك نییە كە گوزارشت لە مەترسی روودانی گڕكانی كارەساتبار بكات، بەڵام بەهۆی تێپەڕبوونی ئەو ماوە زۆرە لە دوای كۆتا گڕكان، دەكرێت لە هەر ساتێكدا بێت ئەو جۆرە گڕكانانە بتەقنەوە و بەشێوەیەك گۆڕانكاری لە ژینگەی زەویدا بكەن، كە لە وەرزی هاویندا بەفر ببارێت.
H.B