قەدەغەی ڕاوی ماسی بازاڕی حەوزەکانی گەرم کردووە

بەر لە جێبەجێکردنی قەدەغەی ڕاوی ماسی، دوکانی ماسیفرۆشەکان پڕبوون لە ماسی دەریاچەی دوکان و شوێنەکانی دیکە، بەڵام بەهۆی قەدەغەی ڕاوکردنی ماسی، ئێستا تەنیا ماسی حەوزەکان دەفرۆشرێن.

لە بارەی قەدەغەی ڕاوی ماسی، عەمید شۆڕش کاکە، بەڕێوەبەری پۆلیس و دارستانی ڕاپەڕین بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ساڵانی ڕابردوو لەم کاتەنەدا ڕاوکردنی ماسی بە دزی و قاچاخ زۆر بوو، بەڵام ئەمساڵ ڕێکارەکان توندوتۆڵ کراون هەر بۆیە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زۆر دیاردەکە زۆر کەمی کردووە.

گوتیشی: بۆ ڕێگری لە ڕاوی نایاسایی، لە زۆربەی شوێنەکان تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان بنکەیان دامەزراندووە، ئەمەش کاریگەرییەکای باشی هەبووە لەسەر کەمبوونەوەی ڕاوکردنی ماسی لەم کاتەی ساڵدا، کە وەرزی قەدەغەی ڕاوە.

بڕیاری قەدەغەی ڕاوی ماسی لە هەرێمی کوردستان ئەمساڵ لە 20 ئادارەوە دەستی پێکردووە و تاوەکوو 15ـی حوزەیرانی 2025، بەردەوام دەبێت، جێبەجێکردنی بڕیارەکەش بەمەبەستی پاراستنی سامانی سروشتی ماسییە کە ئەم ماوەیەی دیاری کراوە، وەرزی دانانی گەرا و زاوزێی ماسییە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment