ساڵانە عێراق 10 ملیار دۆلار لە هاوردەکردنی خۆراک و کەلوپەل لە دەست دەدات

لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا یەک ملیار دۆلار بۆ کڕینی مریشک لە عێراقەوە چووەتە بەرازیل، لەکاتێکدا عێراق ڕێگە بە بەرهەمی مریشک هەرێمی کوردستان نادات بگاتە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور.
نەسر دلێمی، خاوەن کێڵگەیەکی پەلەوەر بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند "جووجەڵە بە هەزار و 250 دینار دەکڕین، دواتر تەنێک عەلەف بە 800 هەزار دینار دەکڕێن، دەرمان و پێداویستی ڤێتەنەری دەگاتە 300 بۆ 400 هەزار دینار، کۆی گشتیی نرخی مریشکێک دەگاتە زیاتر پێنج هەزار دینار، بەڵام ئێمە کیلۆی بە دوو هەزار و 500 دینار دەفرۆشین، واتە بەشێوەیەکی گشتیی ئێمە زیانمەندین بەڵام ناچارین کاربکەین.
عەلی ئەسعەد، ئابووریناس دەڵێت: هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کردنەوەی دەروازە بە ڕووی بەرهەمەکانیان بەتایبەتی مریشک، دەکرێت ببێتە ئەزمونێکی سەرکەوتوو و گەیاندنی عێڕاق بە پشت بەخۆبەستن، گرنگە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت، لەسەر ئاستی وەزارەتی بازرگانی، بۆ ئەوەی قەبارەی بەکاربردن بزانین و پەیوەندی ئابووری هاوبەش دروستبکەین.
عێراق ساڵانە بەشێوەیەکی گشتیی دە ملیار دۆلار لە دەستدەدات لە ئەنجامی هاوردەکردنی هەڕەمەکیانەی خۆراک و کەلوپەل، ئابووریناسانیش دەڵێن؛ تا عێراق بیر لە بەرهەمی ناوخۆی و گرنگی بە کێڵگە پەلەوەرییەکان نەدات، هەرەوا وەکو بەکاربەر دەمێنێتەوە.