دابەشكردنی پارەی گەنمی جوتیاران دەست پێدەكات
پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران كۆتایی پێھات
K24 – ھەولێر
لە كۆتایی ھەفتەی رابردوو پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە ھەرێمی كوردستان كۆتایی پێھات و لە چەند رۆژی داھاتوودا دەست دەكرێت بە دابەشكردنی پارەی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران.
ھێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە 6ی ئەم مانگە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران كۆتایی پێھات و ھیچ بڕە گەنمێك رەوانەی شارەكانی دیكەی عێراق نەكراوە، بەڵكو ھەمووی لە سایلۆكانی ھەرێمی كوردستان ھەڵگیراوە".
گوتیشی: "بۆ سنووری ھەولێر 110 ھەزار تۆن بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دیاركرابوو، لەو بڕە 109 ھەزار و 965 تۆنمان وەرگرتووە".
سەبارەت بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لەلایەن ھەندێك كۆمپانیا بۆ ئەوەی ئەو بڕەی ماوەتەوە ئەویش وەربگیرێت، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی ھەولێر گوتی: "ئەمە یەكێكە لە پلانەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی جوتیاران زەرەر نەكەن، لەو بڕیارەی كە حكومەتی عێراق داویەتی و بڕێكی دیاركردووە و لە ئاست بەرھەمی جوتیاران كەمە، ئێستا كارگەكانی ئالیك بەردەوام گەنمی جوتیاران وەردەگرن، بەڵام بەھۆی ئەم دۆخە تائێستا نەتوانراوە پلانەكەی دیكە جێبەجێ بكرێت، كە وەرگرتنی گەنمی جوتیارانە لە لایەن كۆمپانیاكان".
باسی لەوەشكرد: "تائێستا حكومەتی عێراق 2 ملیار دیناری بۆ كڕینەوەی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران رەوانەی بانكەكانی ھەرێمی كوردستان كردووە و لە رۆژانی داھاتوودا دەست دەكەین بە دابەشكردنی، بڕیارەی بە قۆناغ ھەموو پارەكە رەوانە بكات".
ھ.م