ئابووریناسێک: پاشه‌كشه‌ی دۆخی ئابووری عێراق بێمتمانه‌یی لای هاووڵاتیان دروست کردووە
وێڕای بوونی 105 ترلیۆن دیناری نه‌ختینه‌یی له‌چاپدراو، به‌ڵام به‌شی هه‌ره گه‌وره‌ی ئه‌و پاره‌یه له ماڵه‌كاندا هەڵدەگیرێن، هه‌رچی ئه‌وه‌شه كه له بازاڕدا هه‌یه، له باشترین دۆخدا 20 ترلیۆن دینار تێپه‌ڕ ناكات، ئابووریناسانیش ئەمە بە هۆی شكستی سیسته‌می بانكی و ناسه‌قامگیریی نرخی دۆلار ده‌گه‌ڕێننه‌وه.
گلدانه‌وه‌ی پاره له ماڵه‌وه خوویه‌كه لای هاووڵاتیانی عێراقی نه‌ك تا ئێستا هه‌ر ماوه، بگره له‌و ماوه‌یه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیاتریش بووه، له‌وانه‌یه ئه‌وه‌ی به‌م دواییه سه‌باره‌ت به بوونی ته‌نها 20 ترلیۆن دینار له‌كۆی 105 ترلیۆن له بازاڕدا، ئه‌وه ئاشكرا بكات، كه زۆربه‌ی هاووڵاتیان متمانه‌یان به وه‌به‌رهێنان له پڕۆژه‌ی بچو‌وكدا نه‌بێت.
ئه‌حمه‌د عه‌لاء، هاووڵاتی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ساده‌ترین نموونه ئه‌وه‌یه كه من بڕێك پاره‌م هه‌بوو و خستمه مامه‌ڵه‌ی ئۆتۆمبێله‌وه، ڕێككه‌وتنێكم له‌گه‌ڵ كه‌سێك كرد، گوتی من هاورده‌یان ده‌كه‌م، له‌كۆتاییدا كه‌سێكی فێڵباز ده‌رچوو. دواتریش ماوه‌ی 2 ساڵه داواكه‌م له دادگا كه‌وتووه و تاوانباره‌كه‌ش دانی به‌وه‌دا ناوه كه پاره‌ی منی دزیوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بڕیاری بێتاوانیی بۆ درا! له‌كاتێكدا خۆی گوتبووی كه ئه‌و پاره‌ی هه‌موومانی بردووه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌یه كه خه‌ڵك ناوێرێت پاره‌كانیان بخه‌نه ناو هیچ پڕۆژه‌یه‌ك.
هه‌رچی تێڕوانینی كه‌سانی پسپۆڕه، دووره له بابه‌تی فێڵكردن، به‌ڵام نزیكه له له‌ده‌ستدانی متمانه‌ی هاووڵاتیان به سیسته‌می دارایی، ئه‌مه وێڕای هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زی نۆخی دۆلار، كه لێكه‌وته‌ی دیكه‌ی هه‌یه و وای له هاووڵاتیان كردووه، جگه له ماڵه‌كانیان، متمانه‌یان به‌هیچ شوێنێكی دیكه نه‌بێت بۆ دانانی سامانه‌كه‌یان.
ئه‌ركان شەممه‌ری، ئابووریناس گوتی: پاشه‌كشه‌ی دۆخی ئابووری و به‌رزی و نزمی نرخی دۆلار بووه‌ته هۆی بێمتمانه‌یی هاووڵاتیان له‌وه‌ی پاره‌كانیان له پڕۆژه‌كاندا به‌گه‌ڕ بخه‌ن، هه‌روه‌ها ئەگەر بیەوێت وەبەرهێنان لە پڕۆژەی بچووکدا بکات، پێویستی بە دابینكردنی كرێ هەیە کە لەگەڵ دۆخی ئابووریییه‌كه‌یدا بگونجێت، به‌ڵام نرخی كرێیه‌كانیش به‌رزه، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی له كۆتاییدا خاوەن پاره‌كه زه‌ره‌ر بكات.
به‌ره‌وپێشبردنی كه‌رتی بانكی و ژینگه‌یه‌كی سه‌لامه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌سته‌به‌ركردنی هه‌ندێك ئیمتیاز بۆ هاووڵاتییان، تاكه فاكته‌رن بۆ ئه‌وه‌ی له بری ماڵه‌وه، پاره‌كانیان له بانك دابنێن، ئه‌مه‌ش بە هیچ شێوەیەک له عێراق نییه.