هێڵی ئاسمانی ئیتیحاد: لەسەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی حەوت ملیۆن گەشتیارمان گواستووەتەوە

هێڵی ئاسمانی ئیتیحادی ئیمارات لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، لەماوەی چوار مانگی ئەمساڵدا 6.7 ملیۆن گەشتیاریان گواستووەتەوە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2024 بەڕێژەی 17.5% زیادیکردووە، واتە یەک ملیۆن گەشتیار زیاد بووە.
هێڵی ئاسمانی ئیتیحاد ئاماژەی بەوەش داوە، تەنیا لە مانگی نیساندا، یەک ملیۆن و 700 هەزار گەشتیاریی گواستووەتەوە، کە بە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 21% زیادیکردووە.
ئەنتۆنالدۆ نێڤیس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هێڵی ئاسمانی ئیتیحاد ڕایگەیاند، مانگی نیسان مانگێکی ناوازە بوو بۆ هێڵی ئاسمانی ئیمارات، ژمارەی گەشتیاران بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 21% زیادیکردووە، هەروەها تەنیا لە چەند مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی 7 ملیۆن گەشتیار گواستراونەتەوە، جەختیکردەوە، پلانمان هەیە ئەمساڵ زیاتر لە 21 ملیۆن گەشتیار بگوازینەوە.
ئەنتۆنالدۆ نێڤیس گوتیشی: لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی هاوین، هێڵی ئاسمانی ئیتیحاد، بەردەوامە لە گرنگیدان بە ستراتیجی گەشەکردنی لە هەمان کاتدا باشترین ئەزموونی گەشتیاری پێشکەش دەکات.