سەرۆک بارزانی: پێموابوو دەسەڵاتدارانی بەغدا زیاتر لە ئێمە بەرگریی لە مافەکانمان دەکەن
داکۆکی دەکەین لەسەر ئەوەی ئەوان دەبێت قەرەبووی ئەنفالەکان و کیمیابارانی ئەو گەلە و وێرانکردنی گوندەکان بکەنەوە

سەرۆک بارزانی تێڕوانینی خۆی لەبارەی بەغدا ئاشکرا کرد و گوتی: پێم وابوو ئەوان لە نەبوونی ئێمەش، بەرگریی لە مافی کورد بکەن، چونکە نان و نمەکی زۆرمان پێکەوە بووە.
گوتی: پێم وابوو خۆیان بێن و بڵێن، هاتووین برینەکانی ئەنفال و کیمیاباران و وێرانکردنی 4500 هەزار گوندی کوردستان سارێژ بکەین، نەوەکو بێن بە بڕینی نانی ئەو خەڵکەی تووشی ئەو هەموو کارەساتانە بووە، ئەوە لای ئێمە جێی سەرسوڕمان بوو.
سەرۆک بارزانی گوتی: ئێمەش داکۆکی دەکەین لەسەر ئەوەی دەبێت قەرەبووی ئەنفالەکان بکەن، قەرەبووی کیمیابارانی ئەو گەلە بکەنەوە، قەرەبووی وێرانکردنی 4500 گوند بکەنەوە، مادام ئەوان ئەو بابەتانە دەوروژێنن، ئەمانەش مافی گەلی کوردستانن و لەسەر وانە ئەو مافە بدەن.
ئەگەر بەشێک نین لە عێراق پێمان بڵێن
سەرۆک بارزانی بە ڕەخنەی توند لە مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی، گوتی: ئەگەر ئێمە بەشێکین لە عێراق، نابێت ئەو یارییە ناشرینە لەگەڵ ڕزقی خەڵکی کوردستان بکەن، ئەگەر بەشێکیش نین لە عێراق پێمان بڵێن.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، دوای 2003، گوتمان مادام عێراقێکی تازە هاتووەتە ئاراوە، با هەموومان بەیەکەوە بین کە خەڵکی عێراقیش دووچاری نەهامەتی بوون، بەڵام ئێستا کورد بووەتە بەشێکی نامۆ لەو وڵاتە، ئەگەر بەشێکین لە عێراق.
سەرۆک بارزانی لە کۆنگرەی یەکگرتنەوەی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، بە ڕوونی نیازی بەغدای بۆ خەڵکی کوردستان ئاشکرا کرد و گوتی: مامەڵەی ئێستای لەگەڵ هەرێم دەکرێت، هی فیدراڵییەت نییە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15-05-2025، کۆنگرەی یەکگرتنەوەی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەستی پێ کرد.
لە سەرەتای کۆنگرەکە، سەرۆک بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد کە تێیدا چەندین تەوەری گرنگ و هەستیاریی نێوخۆی کوردستان و عێراق و ناوچەکەی باس کرد، سەرۆک بارزانی زیاتر لەسەر پرسی فیدراڵی و دەستوور و مافی گەلی کوردستان لە بەغدا وەستا و هۆشداریی دا لەوەی، بەو مامەڵەیەی ئێستا بەغدا دەیکات، عێراق سەقامگیر نابێت.

زیادبوونی ڕێژەی ئافرەتان
سەرۆک بارزانی خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا بەوەی، ڕێژەی ئافرەت لە یەکێتی قوتابییان و لاوان و حزبیش زیاتر بووە، داوای کرد ئەو ڕێژەیە زیاتریش بکرێت.
سەرۆک بارزانی لە گوتارێکدا ڕایگەیاند "قوتابییان و لاوان ڕۆڵێکی زۆر کاریگەریان هەبووە لە شۆڕشی ئەیلوول، لە شۆڕشی گوڵان، هەتا لە شەڕی داعش و من دڵنیام لەمەودواش دەتوانن ئەو ڕۆڵە باشتر و زیاتر ببینن." گوتیشی: "یەکگرتنی هەردووکتان ئێستا، زۆر زۆر ئەم ئەرکە ئاسانتر دەکات و سەرکەوتووتر دەکات، چونکە یەک بڕیار دەبێت و پێکەوە دەبن و یەک تەواوکاری ئەوەی دیکە دەبێت."
لەبارەی بەشداریی ئافرەتان لە هەردوو ڕێکخراوەکەدا، سەرۆک بارزانی گوتی: "زۆر خۆشحاڵم، پێش چەند ڕۆژێک کە لەگەڵ سکرتارییەتی هەردوولا دانیشتم، بیستم کە نیسبەتی ئافرەت زۆر بووە لە ناو قوتابییان و لاوان و مانای ئەوەیە لە ناو حیزبدا زیاتر دەبێت. ئەمە زۆر زۆر جێی خۆشحاڵییە بۆ ئێمە و من تەوسییەتان دەکەم چەند بتوانن نیسبەتی ئافرەت زیاتر بێت.
لەمەودا قبووڵی ناکەین

لەبارەی مامەڵەی بەغدا بەرانبەر مووچەی خەڵکی کوردستان، سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە کە لەمەودوا ئەوە قەبوڵ ناکەن کە لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
سەرۆک بارزانی لەبارەی مووچەی فەرمانبەران، جەختی کردەوە "لەمەودا قبووڵی ناکەین هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، مامەڵە لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت. من ئەمە بە ئیهانە بە خوێنی شەهیدان و خەباتی گەلی کوردستان و مێژووی پڕسەروەری ئەم میللەتە دەزانم. ئەم میللەتە بۆ مووچە شۆڕشی نەکردووە. ئەگەر تۆ کەرامەت و ئیرادەت هەبێت، هەموو کاتێک مووچەت دەبێت، بەڵام ئەگەر کەرامەت و ئیرادەت نەما، پارە چ قیمەتی هەیە."
سەرۆک بارزانی جەختی لە پێویستی چارەکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی کردەوە و گوتی "نابێت هەموو مانگێک، بگوترێت، فڵان کەس ئیمزای لەسەر خەرجکردنی مووچە کرد یان نەیکرد، بۆ ئێمە دەرۆزەچین لەبەر دەرگای ئەوان؟ ئەوانەی هەموو ئامانجیان مووچەیە، با بچێتە لایان و هەر چ بڕیارێک دەدات، با بیدات. ئەوانەی کەرامە و ئیرادەیان لامەبەستە، پاراستنی مێژووی پڕسەروەری شەهیدانی کورد و کوردستانیان لامەبەستە، ئەوانیش بڕیاری خۆیان دەدەن."
حکوومەتی داهاتووی کوردستان 50 بە 50 پێک ناێیت
پرسی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، بەشێکی دیکەی گوتارەکەی سەرۆک بارزانی بوو و دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی نوێ 50 بە 50 پێک نایەت.
سەرۆک بارزانی گوتی: "بانگهێشتی سەرجەم ئەو لایەنانەمان کرد کە کورسیان لە پەرلەمان بەدەست هێناوە بۆ ئەوەی حکوومەتێکی بنکە فراوان دروست بکەین، بەشێکیان ئۆپۆزسیۆنیان هەڵبژارد و ئێمە ڕێزی لێ دەگرین."
بە گوتەی سەرۆک بارزانی "پارتی حیزبی ژمارە یەکە لەسەر ئاستی عێراق و ئەگەر دەنگەكانی پارتی بە هی كەركووك و نەینەواوە هەژمار بکرێن، لە یەك ملیۆن تێپەڕ دەبێت." باسی لەوەش کرد، هەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان، ئەگەر یەک بازنەیی بووایە، پارتی لە پێنج بۆ شەش کورسی زیاتری بەدەست دەهێنا.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر هەموو لایەنە سیاسییەکان بیانەوێت، عێراق سەقامگیر بێت و خەڵکەکەی بەختەوەر بێت، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ هەر سێ بنەمای شەراكەت و تەوازون و تەوافوق کە لە دوای ساڵی 2003 عێراقیان لەسەر دامەزرێنراوە، ئەگەر ئەوە نەکرێت، پێم وا نییە دۆخی عێراق سەقامگیر ببێت."

پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا
لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە دا، پرۆسەی ئەم جارە، لە دوو سێ جاری ڕابردوو جیاوازە بەو پێیەی هەموو حزبە سیاسییەکانی تورکیا، ئەوانەی لە دەسەڵاتن و ئەوانەشی کە ئۆپۆزیسیۆنن، پشتیوانیی پرۆسەکە دەکەن و هەمووان کۆکن لەسەر چارەکردنی پرسەکە.
سەرۆک بارزانی دووپاتیشی کردەوە "هەموو کاتێک ئەگەر ڕێگەی چارەسەریی ئاشتییانە هەبێت بۆ هەر کێشەیەک و مرۆڤ ڕێگەی شەڕ بگرێتەبەر، خیانەتە. ئێستا مادەم ڕێگەی ئاشتی هەیە، ئێمە بە هەموو توانایەکمانەوە پشتیوانیی ئەم پرۆسەیە دەکەین و هەرچی لەسەر ئێمە پێویست بێت، دەیکەین و ئومێدەوارم پرۆسەکە سەربگرێت."
لەبارەی ڕۆژئاوای کوردستان، سەرۆک بارزانی باسی لەوە کرد، هەوڵی یەکخستنی هەڵوێستیی لایەنە سیاسییە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیان داوە و هانی داون، ڕێگەی ئاشتییانە بگرنەبەر و دانوستان لەگەڵ دیمەشق بکەن.
عێراق تەنیا تۆز و خۆڵەکەی سێ ئەوەندە بۆ کوردستان دەنێرێت
لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە "لە نیوە کەمتری پشکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە دەنێردرێت، تەنیا تۆز و خۆڵەکەی نەبێت سێ ئەوەندە دەبێت."
سەرۆک بارزانی گوتیشی: "وایان لە بابەتی مووچە کردووە، کە خەبات و تێکۆشانی ئەو هەموو ساڵەی ئەم میللەتە و ئەو هەموو شەهیدانەی دراون و ئەو هەموو ئەنفال و کیمیابارانە، تەنیا لەبەر مووچە بوونە، ئەگەر مەبەست مووچە با، دەوڵەتانی پێشتر دەستی کوردیشیان ماچ دەکرد و مەمنونیش بوون، بەداخەوە ئەمە بەچاوساغی و بە ڕێنمایی هەندێک لایەنی ناوخۆ بووە."
مامەڵەی ئێستای لەگەڵ هەرێم دەکرێت، هی فیدراڵییەت نییە
لەبارەی مامەڵەی بەغداش لەگەڵ هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی گوتی: بەغدا دەبێت مامەڵە لەگەڵ شەرعییەتی هەرێم بکات.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، لە ئۆکتۆبەری ڕابردوو هەڵبژاردن بووە و هەڵبژاردنیش سەنگی هەموو لایەکی پیشان داوە، ئەگەر چەند کەسێک لەبەر هەر مەبەستێک، خۆیان قەناعەتی پێیە، سکاڵا بکەن و مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، ئەمە پێشێلکردنی دەستوور و شەرعییەت و هەموو شتێکە.
سەرۆک بارزانی گوتی: وەرە مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکە، ئەگەر مەبەست ئەوەیە فیدراڵییەت نەماوە، با بە سەراحەت پێمان بڵێن ئێمە قەناعەتمان بە فیدراڵییەت نەماوە، ئەو کاتە ئەوەی قبووڵی دەکات، قبووڵی دەکات، ئەوەی قبووڵیشی ناکات، بڕیاری خۆی دەدات. بەڵام مامەڵەی ئێستای لەگەڵ هەرێم دەکرێت، هی فیدراڵییەت نییە."
هەڕەشەی نوێی سەر هەرێمی کوردستان
سەرۆک بارزانی ئاماژە بەوە دەکات، شەڕی پێشوو بە تانک و فڕۆکە بووە، بەڵام ئێستا شەڕی بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر و نەهێشتنی بیر و باوەڕە.
سەرۆک بارزانی گوتی: شەڕی جاران زۆر ئاسانتر بوو لە شەڕی ئێستا، جاران شەڕی فڕۆکە و تانک و تۆپ بوو، هەتا کیمیاباران، ئەنفال، بەڵام بڕوا بکەن شەڕی ئێستا زۆر مەترسیدارترە. شەڕی بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەرە لە ناو کۆمەڵگەی ئێمە، ئەو شەڕەمان لەگەڵ دەکەن، شەڕی نەهێشتنی بیروباوەڕە، شەڕی نەهێشتنی ئەوەیە کە تاکی کورد، ئیتر بڕوای بە خۆی نەبێت، ئومێدی نەبێت، بۆیە ئەم شەڕە زۆر سەختر و مەترسیدارترە."
بە گوتەی سەرۆک بارزانی "بەشێکی زۆری بەرگریکردن لەم شەڕە ترسناکە، دەکەوێتە سەر شانی ئێوە (هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی لاوان و قوتابییان). دەبێت گەنجەکان پەروەردە بکەن، دوور بکەونەوە لەو شتانەی کە زیان بە خۆیان، خانەوادەیان و حزبەکەیان و میللەتەکەیان دەگەیەنێت. ئەوەی تووشی ماددەی هۆشبەر بوو، چوو، بەڵام ئەوەی بازرگانی پێ دەکات، ئەمە تاوانبارە، ئەوانەی دیکە قوربانین. دەبێت ئەم بابەتە زۆر بە جیددی وەربگیرێت و دەبێت زۆر بە توندیش موکافەحەی ئەم دیاردەیە ،مەترسیدارە بکرێت."