لاڤرۆڤ و ڕوبیۆ دانوستانەکانی ڕووسیا و ئۆكرانیایان تاوتوێ کرد
وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و ئەمەریکا بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و باسیان لە دانوستانەکانی مۆسکۆ و کێیڤ و چەندی پرسێكی دیکە کردووە.
شەممە 17ـی ئایاری 2025، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کردووه.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە دراوە، لاڤرۆڤ و ڕوبیۆ باسیان لە ئەنجامی دانوستانی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە ئیستانبوڵ و پەیوەندییەکانی نێوانیان و چەند پرسێکی دیکەی پەیوەست بە ناوچەکە کردووە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، مارکۆ ڕوبیۆ پێشوازیی لە ڕێککەوتنی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا كردووه بۆ ئاڵوگۆڕی دیلهكان و ئامادەکردنی لیستێک لە مەرجەکان لەلایەن ڕووسیا و ئۆکرانیا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوانیان.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتیشی کردەوە، واشنتن بۆ سەقامگیری و ڕێککەوتن ئامادەی هەموو هاوکارییەکە.
هاوکات سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، بەهۆی هاندانی کیێڤ بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان و ڕازیبوون بە پێشنیازەکەی ڤلادیمێر پوتن، ستایشی ڕۆڵە بونیاتنەرەکەی ئەمەریکای کرد. جەختیشی کردووەتهوه، ڕووسیا لەسەر ئەو پرسە ئامادەیە لەگەڵ ئەمەریکا کار بکات.
هەینی 16ـی ئایاری 2025، دانوستانەکانی نێوان هەردوو شاندی ڕووسیا و ئۆکرانیا، لە ئیستانبوڵ بەڕێوەچوو، کە نزیکەی کاتژمێرێک و 40 خولەکی خایاند.
دانوستانەکان بە سەرپەرشتیی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئیبراهیم کاڵن، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکە بەڕێوە چوو، کە ڤلادیمێر مەدینسکی، ڕاوێژکاری پوتن، سەرۆکایەتیی شاندی ڕووسیا و ڕۆستەم ئومێرۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا، سەرۆکایەتیی شاندی ئۆکرانیایان دەکرد.