سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە فەخری کەریم دەکات

سەرۆک بارزانی، لە نامەیەکدا، پیرۆزبایی لە سەرۆکی دەزگای مەدا کرد بە بۆنەی خەڵاتکردنی لە لایەن لووتکەی مێدیای عەرەبییەوە لە دوبەی و ئومێدی تەندروستیی باش و سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواست.
شەممە 31ـی ئایاری 2025، بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، فەخری کەریم، سەرۆکی دەزگای مەدا، لەلایەن لووتکەی مێدیای عەرەبییەوە خەڵات کرا، بەم بۆنەوە سەرۆک بارزانی لە نامەیەکدا پیرۆزبایی لێ کرد.
لە نامەکەی سەرک بارزانیدا هاتووە "برای بەڕێز و خۆشەویست فەخری کەریم، بە خۆشحاڵیی زۆرەوە هەواڵی خەڵاتکردنتانم لەلایەن لووتکەی مێدیای عەرەبییەوە لە دوبەی بە دەستنیشانکردنتان وەک کەسایەتیی مێدیای گشتی پێ گەیشت."
لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە "هەڵبەت ئەم خەڵاتکردنەتان شیاوی پێگە و ڕێچکەی بەخشینی فەرهەنگی و مێدیاییتانە، بەم بۆنە دڵخۆشکەرەوە، گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەکەم، ئومێدی تەندروستیی باش و سەرکەوتنی زیاتر و داهێنانی زیاترت بۆ دەخوازم."