عێراق.. کارەساتێکی ژینگەیی هەڕەشە لە دانیشتووانی سێ پارێزگا و سامانی ماسیی زۆنگاوێک دەکات

بەهۆی کارەساتێکی ژینگەییەوە سامانی ماسی لە زۆنگاوی ئیبن نەجم، کە دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی نەجەف و بابل و دیوانیە، نزیکە لە لەناوچوون، ئەمەش لە کاتێکدایە سەرچاوەی بژێوی دانیشتووانی ناوچەکەیە. لەلایەن خۆیەوە بەڕێوەبەری ئاوی نەجەفیش هۆشداری لە خنکانی پارێزگاکە دەدات.
بە گوێرەی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکاندا، هۆکاری ئەو کارەساتە ژینگەییەی ڕووبەڕووی ئەو زۆنگاوە بووەتەوە، دابەزینی ئاستی ئۆکسجینە لە ئاوەکەید و بووەتە مایەی لەناوچوونی هەزاران ماسی و ترس هەیە، هەرچی ماسی تێدایە، لەناو بچێت.
زیندوو کردنەوەی ئەو زۆنگاوە لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی هاوبەشی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتە خۆجێییەکان بووە، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و بایەخدان بە ئابووری و بژێوی دانیشتووانی ناوچەکە.
بەگوتەی ژمارەیەک لە چالاکوانی ژینگەیی، پرۆژەکە سەرەتا بۆ ماوەی چوار مانگ بە گلدانەوەی ئاو و تێکردنی یەک تۆن ماسی دەستی پێ کرد، بەڵام دواجار بەهۆی لە کار کەوتنی چەند تۆڕباینێکەوە، ئاستی ئاوی پرۆژەکە و ئۆکجسینی تواوە بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی و بووەتە هۆی لەناوچوونی زۆرینەی ماسییەکان.
ئەبو زەین عابیدین، چالاکوانی ژینگە لە نەجەف، بە شەفەقی ڕاگەیاندووە، لە پرۆژەی زۆنگاوی ئیبن نەجم، بە تۆرباین ئاویان گواستووەتەوە و پەنجە ماسیان تێ کردووە، بەڵام لە ناکاو بەهۆی لەکارکەوتنی تۆرباینەکان، هەزاران ماسی لەناوچوون و ئێستاش بژێوی دانیشتووانی ناوچەکە خەریکە بە تەواوی هەرەس بێنێت.
هەر لەم بارەوە شاکر عتێوی، بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاو لە پارێزگای نەجەف ئاشکرای کردووە، زۆنگاوی ئیبن نەجم بە فەرمی پشکی ئاوی تەرخانکراو نییە، بەڵکو ئێستا پشت بە ئاوەڕۆ و سەرچاوەکانی دیکەی ئاوی ناوچەکە دەبەستێت، کە بەشێکیان ئاوی سوێرن، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و بە هەڵمبوونی ئاوەکە، ماسییەکان ناتوانن خۆیان لەگەڵ گۆڕانی ژینگە بگونجێن، لەناوچوون.
ڕاشیگەیاندووە، پارێزگای نەجەف هیچ بەشە ئاو و سەرچاوەیەکی فەرمی نییە و لە هەوڵی دابینکردنی ئاوی پاکن بۆ خواردنەوە، بەڵام بەهۆی وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، پارێزگای نەجەف لە کشتوکاڵی هاوینە داماڵاوە و هیچ بەروبوومێکی نابێت.