کچێک بەهۆی کەمی لایکەکانی لە فەیسبووک خۆی کوشت

خوشکەکەی چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە

K24- هەولێر:

چۆڵ داڤیسۆنی تەمەن 19 ساڵ، لە ماڵەکەت خۆی لە شاری کاونتی دورهامی بەریتانیا بە مردوویی دۆزرایەوە.

خوشکە تەمەن 20 ساڵانەکەی بە ناوی جەید، بە رۆژنامەی سەنی بەریتانی گوتووە، خوشکەکەی بە دەست فشاری دەروونی ناڵاندوویەتی، ئەمەش تەنها بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

جەید دەڵێت، خوشکەكەم باشترین هاوڕێم بوو، نازانم بەبێ ئەوەی چیبکەم، ئەو هەمیشە گلەیی لە بارەی فەیسبووکەکەی دەکرد.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کاتێک چۆڵ لە فەیسبووک وێنەیەکی دادەبەزاند، بە ئێمەی دەگوت دەبێت لایکی بکەین، هەمیشەش داوای لێ دەکردین جوانترین وێنەی بۆ هەڵبژێرین.

ئەو خاتوونە دەڵێت، ئەو ئەگەر لایک و کۆمێنتی کەمی بۆ بهاتایە، هەستی دەکرد کە خەڵک ئەو قبووڵ ناکەن و خۆشیان ناوێت.

ئاشکراشیکردووە، خوشکەکەم زۆر هەستیار بوو، زۆر قسەی لە دڵ هەڵدەگرت، بەڵام سۆشیاڵ میدیا هێندەی تر ژیانی لەناوبرد.

راوێژکارێکی دەروونی بە ناوی تیم جۆن، بە رۆژنامەکەی گوتووە، گەنج و هەرزەکاری ئەم سەردەمە، تەواوی بوونی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیشان دەدەن و لەسەر کاردانەوەکان هەڵسەنگاندن بۆخۆیان دەکەن، ئەمەش زۆرجار دووچاری نا ئومێدییان دەکات.