ئافرەتێک هەڵبژاردەی ئوردنی گەیاندە مۆندیال

سەمار نەسار سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئوردن
سەمار نەسار سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئوردن

کەمن ئەو وڵاتانەی سەرۆکایەتیی فێدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەیان ڕادەستی ئافرەتێک بکەن، بەڵام ئوردنیەکان ئەو متمانەیان ڕادەستی خانمە وەرزشەوانێک بەناوی سەمار نەسار، کرد و ئەو خانمەش توانی ببێتە جێگەی متمانەی گەلی ئوردن و بۆ یەکەمجاریش لەسەر دەستی ئەو ، هەڵبژاردەی ئوردن گەیشتە مۆندیال.


سەمار نەسار، خانمە وەرزشەوانی ئوردنی لە ساڵی 1978 لە  بەیروت پایتەختی لوبنان لەدایک بووە و لە تەمەنی سێ ساڵی لەگەڵ ماڵباتەکەی چووەتە ئوردن و لەو وڵاتە نیشتەجێ بووە، ئەو خانمە هەر لە تەمەنی منداڵییەوە خولیای وەرزشی مەلەوانی هەبوو.


سەمار، لە ساڵی 2020 متمانەی پێ درا و وەکو یەکەم ئافرەت لەسەر کورسی سەرۆکایەتیی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئوردنی دانیشت. ئەو کاتە، لەنێوخۆی ئەم وڵاتە ڕەخنەیەکی زۆر هەبوو کە ئەو خانمە ناتوانێت هیچ دەستکەوتێک بەدەست بهێنێت، بەڵام دوای کەمتر لە پێنج ساڵ دەستکەوتێکی مێژوویی بۆ وڵاتەکەی بەدەستهێنا.


سەمار، لەو کاتەی وەکو سەرۆکی تۆپی پێ ئوردن دەست بەکار بوو، پلانێکی دوورمەودای دارشت و هەمیشە خەونی بەوە دەبینی، بتوانێت هەڵبژاردەی تۆپی پێی وڵاتەکەی بگەینێتە مۆندیال، خەونەکەی تەنها دوای ساڵ نزیکەی پێنج ساڵ بوو بە ڕاستی و هەڵبژاردەی وڵاتەکەی گەیشتە مۆندیال.


هەڵبژاردەی ئوردن، لە سەردەمی سەرۆکایەتیی سەماردا توانی بۆ جاری یەکەم لە مێژوودا سەرکەوێت بۆ یاری کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئاسیای 2023  و بۆ جاری یەکەم پلەی دووەمی پاڵەوانێتیەکەیان بەدەست هێنا.


ئەو خانمە وەرزشوانە، دووجار بەشداریی یارییەکانی ئۆڵمپیادی کردووە، جاری یەکەم ساڵی 2000 بە درێس و ئاڵای فەڵەستین وەکو مەلەوان بەشداریی کرد و جاری دووەمیش ساڵی 2004 بە درێس و ئاڵای ئوردن بەشداریی یارییەکانی ئۆڵمپیادی کرد.

 
 
Fly Erbil Advertisment