ئەمەریکا و چین لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکانیان ڕێک کەوتن

سەرۆکی ئەمەریکا، دەڵێت: واشنتن و پەکین لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکانییەکانیان ڕێک کەوتن. جەختی لەوەش کردەوە، لەگەڵ سەرۆکی چین هەماهەنگی دەکەین، بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانمان.
چوارشەممە 11ـی حوزەیرانی 2025، شاندی ئەمەریکا و چین لە بارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوانیان لە لەندەن کۆ بوونەوە. هاوکات هەردوولا لەسەر چوارچێوەیەکی گشتی بۆ چارکردنی ناکۆکییە بازرگانییەکان ڕێک کەوتن و ئەرکی پەسەندکردنی ڕێککەوتنەکەشیان بۆ سەرۆکەکانی هەردوو وڵات جێ هێشتووە.
سکۆت بیسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، بە ئەندامانی کۆنگرێسی وڵاتەکەی ڕاگەیاند: چین دەرفەتێکی ناوازەی هەیە بۆ سەقامگیرکردنی ئابوورییەکەی، ئەویش بە گواستنەوە لە بەرهەمهێنانی زیادەوە بۆ بەکارهێنانی زیاتر.
لەلایەکی دیکەوە، ھاوارد لوتنیک، وەزیری بازرگانیی ئەمەریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: چین بە زووترین کات ڕەزامەندیی لەسەر هەناردەکردنی کانزا دەگمەنەکانی بۆ ئەمەریکا دەدات، ئەمەش دوای ئەوەی کە سەرۆکی هەردوو وڵات ڕێککەوتنەکە پەسەند دەکەن.
لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس، نوسیوویەتی: پاش دوو ڕۆژ لە دانوستانی بەردەوامی نێوان شاندی واشنتن و پەکین، لە کۆتاییدا لەبارەی ئاسییکردنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکان ڕێک کەوتن کراوە، تەنیا ڕەزامەندیی کۆتایی من و شی جین پینگ، ماوە.
سەرۆکی ئەمەریکا، ئاشکرای کرد، پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات زۆر ناوازەیە، هەروەها ڕێز لە پابەندبوونەکانمان دەگرین بە تایبەتی لە ڕێگەدان بە قوتابییانی چین بۆ خوێندن لە زانکۆکانی ئەمەریکا.
جەختی لەوەش کردەوە، لەگەڵ سەرۆکی چین لە هەماهەنگیداین بۆ باشترکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
ئەمەریکا کانزا دەگمەنەکان بۆ دروستکردنی پاتری کارەبایی و تۆربایینەکانی با، هەروەها سیستەمی بەرگریی وەک مووشەک ڕادار و مانگی دەستکرد بەکار دەهێنێت.
بەڵام چین لە بەرانبەردا، دەیەوێت ئەمەریکا بە هەندێک سنووردارکردنی هەناردەکردندا بچێتەوە کە بەسەر بەرهەمەکانیدا سەپێنراوە، بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە تەکنەلۆجیاوە هەیە.