ناوچەی سەوزی بەغدا داخرا

بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، حکوومەتی عێراق بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی، ناوچەی سەوزی بە تەواوی داخست کە باڵیۆزخانەی ئەمەریکای لێیە.

هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، حکوومەتی عێراق وەک پێشگری لەهەر ڕووداو و کاردانەوەیەکی عێراقییەکان بەرانبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەتایبەتیش لەترسی هێرش  کردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، ناوچەی سەوزی بە تەواوی داخست.

هەر ئەمڕۆ  موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە لە بارەی هێرشی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا نزای بۆ گەلی ئێران کرد لە هەڕەشەی تیرۆری نێودەوڵەتی دوور بن.

ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە لە پەیامەکەیدا ئومێدی کردووە، شوێنە پیرۆزەکان لەو ئاڵۆزییانە لە عێراق پاریزراو بن، چونکە عێراق و خەڵکەکەی پێویستیان بە شەڕێکی نوێ نییە، دەشڵێت: سەرکۆنەی بەکارهێنانی ئاسمانی عێراقیشی کرد لەلایەن ئیسرائیلەوە، داوای لە حکوومەتی عێراقی کرد سزای ئیسرائیل بدات لەڕووی نێودەوڵەتییەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئاسمانی نەبەزێندرێت.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بڵاوی کردەوە، بارەگای سوپای پاسداران لە تاران لەلایەن ئیسرائیلەوە بە چەندین مووشەک بۆردومان کرا.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە دا، حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران، محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران، محەممەد تەهرانچی, سەرۆکی زانکۆی ئازادی ئیسلامی و فەرەیدون عەباسی، زانای بواری ئەتۆم، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژران.