پشتیوان سادق بۆ حاجییانی کوردستان: سەرۆک وەزیران لە خەمی گەڕانەوەی ئێوەیە بە سەلامەتی
پشتیوان سادق، وەزیری یەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردەوەتەوە، لەگەڵ دەستەی باڵای حەجی عێراق و وڵاتی سعودیە لەسەر ھێلن بۆ گەڕاندنەوەی حاجییانی کوردستان، دەشڵێت: سەرۆک وەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی، لە خەمی گەڕانەوەی حاجییانی کوردستانە بە سەلامەتی.
هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بە حاجییانی کوردستانی گەیاندووە، بەپەڕۆشەوە چاودێریان دەکەن لەم دۆخە لەناکاوەی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دروستبووە و فرۆکەخانەکانی ناوچەکە داخراون.
وەزیری ئەوقاف ئاشکرای کردووە، لەگەڵ دەستەی باڵای حەجی عێراق و وڵاتی سعودیە لەسەر ھێلن بۆ گەڕاندەنەوەی حاجییان بەسەلامەتی بۆ کوردستان، ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای گفتوگۆیەکی بەردەوام و بۆ دڵنیابوون لەپاراستنی حاجییان بڕیاریانداوە تەواوی حاجییانی کوردستان بەڕێگەی وشکانی دەست پێ بکەن، دەڵێت: پڕۆسەی گەڕانەوە لەبەرەبەیانی 14ـی حوزەیران دەسپێدەکات تاوەکو سەرجەم حاجییان دەگەنەوە کوردستان بەردەوام دەبێت.
وەزیری ئەوقاف ئاشرای کردووە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە بەدواداچوونی ئەم پرۆسەیەو لە خەمی گەڕانەوەی حاجییانە بە سەلامەتی .