ئالوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاریی لە دەروازەی سنووری قائیم دەستی پێ کردەوە
ئەمڕۆ شەممە، دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ڕایگەیاند، بەفەرمی دەروازەی سنووریی قائیم کرایەوە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و سووریا دەستی پێ کردەوە.
دەستەی دەروازە سنووریەکانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "ئەمڕۆ شەممە، یەکەم بارهەڵگری سووری دوای پشکنین و ڕێکارە گەرمییەکان هاتووەتە ناو عێراق، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دیوی عێراق کراوە."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی گەشتیاران لە ڕێگەی دەروازەکەوە، بارگرانیی لەسەر هاووڵاتیانی عێراقی لە کاتی گەشتەکانیاندا کەمدەکاتەوە، هەروەها هاندانی چالاکییە ئابوورییەکانیشە بە دامەزراندنی کرێکاران و شۆفێری بارهەڵگر و پاسەکان".
ئاماژە بەوەش کراوە، "ئەمە هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ بەهێزکردنی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەشداریکردن لە هاندانی بازرگانی و زیادکردنی داهاتی حکوومەت و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی بازاڕی ناوخۆیی و پاڵپشتیکردنی سەقامگیری و هەوڵەکانی گەشەپێدان لە ناوچە سنوورییەکان".
دەستەی دەروازە وشکانی و دەریاییەکانی سووریا، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، شەممە، دەروازەی سنووری ئەلبوکەمال 'قائیم' لەگەڵ عێراق بەڕووی گەشتیاران و بارهەڵگرەکاندا دەکرێتەوە.
