پەیامێک لە وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە بۆ ئەمەریکا و وڵاتانی ناوچەکە

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: بەڵگەیان هەیە ئەمریکا پشتیوانیی ئیسرائیل دەکات بۆ هێرشکردنە سەر ئێران. دەشڵێت: ئێران نایەوێت جەنگەکە فراوان بێت و کاریگەریی بکاتە سەر ناوچەکە و جیهان.

یەکشەممە 15ـی حوزەیرانی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: هەر پەرەسەندنێکی سەربازیی لەناوچەی کەنداو، ڕەنگە کاریگەریی بکاتە سەر ناوچەکە و جیهان. دەشڵێت:  پێمان وایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل دەکەن بۆ سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران.

عراقچی گوتی: نامانەوێت جەنگەکە فراوان بکەین ئەگەر  بە سەرماندا نەیسەپێنن. دەشڵێت: ئەمەریکا هاوبەشیی ئیسرائیلە لە هێرشکردنە سەر ئێران، بۆ ئەوەش دەبێت بەرپرسیارەتی هەڵگرێت، ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل ناتوانێت لە هێرشەکانی بەردەوام بێت بەبێ پشتیوانیی ئەمەریکا. گوتی: بەڵگەمان هەیە ئەمەریکا پشتیوانیی ئیسرائیل دەکات لەو هێرشانەدا.

وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی گوتی: ئێمە ئامادەی هیچ ڕێککەوتنێک نین کە بێبەشمان بکات لە خاوەندارییەتی وزەی ئەتۆمی.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل هیچ ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی و دیپلۆماسیشی ناوێت.

عەباس عراقچی، گوتیشی: لە ساڵی 2021ەوە دانوستانمان دەکرد بۆ دووبارە دەستکردنەوە بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئیسرائیلیش پەلاماری دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنزی دا.

وەزیری دەرەوەی ئێران، باسی لەوەش کرد، ئەوەی ئیسرائیل ئێستا لە نەتەنز کردوویەتی ئامانجی تێکدانی دانوستانەکانە، بە هاوبەشی ئەمەریکا. ڕاشیگەیاند، پێشبینی دەکەین واشنتن نیازپاکی خۆی نیشان بدات و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان سەرکۆنە بکات.