توێژینه‌وه‌یه‌ك: مه‌ترسییه‌كانی كۆرۆنا له پیاوان زیاتره وه‌ك له ئافره‌تان
"ئه‌گه‌ره‌كانی تووشبوون و مردنیش له پیاواندا زیاتره"
K24 - هه‌ولێر:
توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێی زانستیی ئاشكرایكرد، ئه‌گه‌ره‌كانی تووشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنا و مردن به‌هۆی ئه‌و په‌تایه، له پیاوانی به‌ساڵاچوو زیاتره به به‌راورد به ئافره‌ته هاوته‌مه‌نه‌كانیان.
ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه له هه‌فته‌نامه‌ی "نێچه‌ر" بڵاوكراونه‌ته‌وه و ده‌ریانخستووه: سیسته‌می به‌رگری له‌شی پیاوانی ته‌مه‌ن سه‌روو 60 ساڵی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له ئافره‌ته هاوته‌مه‌نه‌كانیان لاوازتره.
زانایانی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن، جه‌سته‌ی ئافره‌تان رێژه‌یه‌كی زۆر له خانه‌ی "تائی" به‌رهه‌م ده‌هێنن، كه هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر ئه‌و خانانه‌ی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌بن و بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری ڤایرۆسه‌كه به‌ناو له‌شی مرۆڤدا راده‌گرن، كه‌چی چالاكی رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی خانه‌ی "تائی" له له‌شی پیاواندا زۆر لاوازتره و ده‌ریشكه‌وتووه، ئه‌م هاوكێشه‌یه په‌یوه‌ندی به ته‌مه‌نی پیاوه‌كانه‌وه هه‌یه و تا ته‌مه‌نیان زیاتر بێت توانای به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و خانانه لاوازتر ده‌بێت.
ئهكیكۆ ئیواساكی، پسپۆڕی بواری به‌رگری له‌ش له زانكۆی "یێل"، كه سه‌رپه‌رشتی توێژینه‌وه‌كه‌ی كردووه، گوتی: "ئاشكرایه كه ڤایرۆسی سروشتی له پیاواندا نابێته هۆی به‌رهه‌مهێنانی بڕی پێویست له دژه ته‌نه‌كان"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "پیاوان زیاتر پێویستییان به ڤاكسینه‌كانی دژ به پهتاكانه وه‌ك له ئافره‌تان".
ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و تویژینه‌وه‌یه یه‌كانگیرن له‌گه‌ڵ ئه‌و جیاوازییه‌ی، كه به شێوه‌یه‌كی زانستی له نێوان هه‌ردوو ره‌گه‌ز له‌باره‌ی توانای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌زگای به‌رگری له‌ش بۆ په‌تاكان سه‌لمێنراوه.
له مێژووی توێژینه‌وه‌كاندا زانایان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و راستیه‌ی كه جه‌سته‌ی ئافره‌ت به شێوه‌یه‌كی خێراتر و به‌هێزتر رووبه‌ڕووی مه‌ترسییه‌كانی ته‌ندروستی ده‌بێته‌وه، چونكه سروشتی له‌شی ئافره‌ت وایه، كه خێرایه له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی ته‌ندروستی له كۆرپه‌ی ناو سكیان یانیش منداڵی تازه له‌دایكبوو ده‌كه‌ن.