زەویە کشتوکاڵییەکانی دەوروبەری بەغدا بەهۆی وشکەساڵیەوە بوونەتە بیابان
وشکەساڵییەکی سەخت زەویە کشتوکاڵییەکانی دەوروبەری بەغدای گرتووەتەوە، هەزاران جووتیار بەهۆی وشکەساڵی و لەناوچوونی زەوییەکانیانەوە بیر لە کۆچکردن بۆ شارەکان دەکەنەوە.
جووتیارێک دەڵێت؛ پێشتر ڕووباری دیجلە بەناو زەوییەکانماندا تێ دەپەڕی و هەموو ناوچەکە سەوزایی بوو، بەڵام ئێستا ئاوی ڕووبارەکە تەواو کەم بووەتەوە، ئەو ئاوەشی ماوە سوێرە و بەکەڵکی کشتوکاڵ نایەت.
عەبدولڕەحمان باست، جووتیار, بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، پێشتر ئەم شوێنانە بە گەنم و جۆ و لۆکە دەچێنران، لەبەر ئەوەی ڕووباری ئاو لێرەوە تێ دەپەڕی و خەڵک کشتوکاڵیان دەکرد. بەڵام وەک دەبینن، ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و ڕووبارەکە وشکی کردووە، تەنها پاشماوەکەی ماوەتەوە، ئەو ئاوە کەمەی ماویشەتەوە سوێرە و بەکەڵکی کشتوکاڵ نایەت، خەڵکیش ناچارن بەرەو شارەکان کۆچ بکەن.
عەبدولرەحمانی جووتیار، تاکە زیانمەندی وشکەساڵی نییە، بەڵکو سەدانی دیکەی وەک ئەو لە جووتیاران و خاوەن ئاژەڵەکان هەمان دۆخیان هەیە، ئەوانەشی کێڵگەی بەخێوکردنی ماسیان هەیە، هەمان دەردیان هەیە و بیر لەکۆچکردن بۆ شارەکان دەکەنەوە.
سەڵاح عوبێد، خاوەن کێڵگەی بەخێوکردنی ماسی گوتی: ئێمە وازمان لە کشتوکاڵ هێنا و دەستمان بە بەخێوکردنی ماسی کرد، لەساڵانی 2012 بۆ 2023، دوای ئەوەی بڕیاری داخستنی حەوزەکانمان درا، پەنامان برد بۆ پەرلەمان و دۆخی خۆمانمان بۆیان ڕوون کردنەوە، بەڵام هیچیان بۆمان نەکرد، بەڵکو حەوزەکانمانیان داخست و ئەوەش دۆخی ئێمەیە خۆتان دەبینن.
هەزارانی وەکو ئەم زەویە و ملیۆنان دۆنم لە دەوروبەری بەغدا و شارەکانی دیکە بوونەتە بیابان، کۆچی پێچەوانەش تاکە هەلی بەردەم جووتیارەکانە بۆ هەڵهاتن لە سەختی ژیان و دابینکردنی بژێوی.