مەسرور بارزانی: ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و ئێران لە بەرژەوەندیی هەموو ناوچەکەیە
چوارشەممە، 25-06-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران؛ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە کێشەی مووچەی مووچەخۆران، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، شەڕی ئێران و ئیسرائیل، بارودۆخی گشتیی ناوچەکە کرد.
هەڵوێستی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لەبارەی شەڕی ئێران و ئیسرائیل
لەبارەی شەڕی ئێران و ئیسرائیل، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی گوتی: "مەترسی هەبوو (شەڕەکە) پەرەبسەنێت و هەموو ناوچەکە بگرێتەوە؛ بەڵام دوای ئەوە بینیمان بە بەشداریی ئەمەریکا و دەستپێشخەریی سەرۆک ترەمپ، ئاگربەست ڕاگەیەنرا و شەڕ ڕاگیرا. ئەمە لە بەرژەوەندیی هەموو ناوچەکەیە و هیوادارین ببێتە هۆی گەڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ هەموو ناوچەکە."
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی جەختیشی کردەوە "ئێمە هەموو هەوڵێکمان دا وەکوو هەرێمی کوردستان کە دووربین لەم شەڕ و ئاژاوەیە. جێی خۆیەتی سوپاسی بەڕێز سەرۆک وەزیران سوودانی بکەم کە ئەویش هەوڵی دا عێراق لەم شەڕە تێوەنەگلێت. هەروەها سوپاسی بەڕێز وەزیری دەرەوەی عێراقیش بکەم کە دەورێکی کاریگەری هەبوو لە ساحەی دیپلۆماسی بۆ دوورخستنەوەی عێراق لەم شەڕ و ئاژاوانەدا."
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "هیوادارم کە شەڕ بەرەو کۆتایی بڕوات و گفتوگۆ ببێتە جێگرەوەی شەڕ و پێکدادان و ناوچەکەی ئێمە لە جیاتی شەڕ و گرژی؛ بەرەوە ئاشتی و بووژانەوەی ئابووری هەنگاو بنێت."