سەرۆکی حکوومەت: دوو مانگە مووچەی فەرمانبەران بە نایاسایی نەنێردراوە

چوارشەممە، 25-06-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران؛ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە کێشەی مووچەی مووچەخۆران، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، شەڕی ئێران و ئیسرائیل، بارودۆخی گشتیی ناوچەکە کرد. 

کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێـی کوردستان

سەرۆکی حکوومەت سوپاسی گەرمی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت مووچەخۆران کرد و گوتی: بە ڕاستی زۆر زۆر پشوودرێژ بوون، زۆر تەحەمولیان کرد، خۆڕاگر بوون لە بەرامبەر بەوەی کە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو، مووچەکانیان بە شێوەیەکی نایاسایی نەدراوە و ئەمە کارێکی نادەستوورییە و پێمان وایە کە مووچەخۆرانی هەرێم، هەر لە سەرەتاەوە دەبووایە تێکەڵی هیچ جۆرە کێشە و گرژییەک نەبن و ئەگەر لە حاڵەتێکیشدا لە بەینی حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێم کێشەیەک هەبێت، نابێت بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تێکەڵی ئەم شتانە بکرێت."

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دووپاتیشی کردەوە "بە پشتیوانیی خودا و پاڵپشتیی خەڵکی هەرێمی کوردستان، من دڵنیام کە ئەم قەیرانە بەرەو تەواوبوون دەڕوات." گوتیشی: "هێزی ئێمە لە پشتیوانیی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوەیە و هەر پشتیوانیی ئەم خەڵكە بووە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە وایکردووە ئێمەش بەردەوام بین لە دەستبەرکردنی هەموو مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان."

سەرۆکی حکوومەتی جەختی کردەوە "ئێمە بە هیچ جۆرێک واز لە هیچ مافێکی دەستووری خەڵکی هەرێمی کوردستان ناهێنین و بەردەوامیش دەبین. لەو ماوەی ڕابردووشدا، ڕۆژ نەبووە کە خەریک نەبووبین بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە. لەگەڵ دەسەڵاتداران لە بەغدا بەردەوام لە پەیوەندیدا بووین. دوێنێش خۆم لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری و لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانیش قسەم کردووە کە ئێمە بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە بڕۆین. ئەوانیش زۆر بە خۆشحاڵییەوە ڕایانگەیاند، ئامادەن لە ماوەیەکی زۆر زۆر نزیک، لەم یەک دوو ڕۆژەدا شاندێک بنێرن بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێمە بکەونە گفتوگۆی ڕاستەقینە لەسەر ئەم بابەتە و چارەسەری گرفتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم."

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی: "دەمەوێت خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵنیا بکەمەوە، کە ژیان و مردنی ئێمە بەیەکەوەیە. ئەوەی لە توانای حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بێت، ئەوەی لە توانای خۆمدا بێت، هەموو هەوڵێک دەدەین کە دەستەبەری هەموو مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەین. هیوادارم لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا، لەم چەند ڕۆژەدا بگەیەن بە ئەنجامێکی زۆر ئەرێنی (لەگەڵ حکوومەتی عێراق) و ئەم کێشەیە بەرەو چارەسەر بڕوات و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابین بکرێت. لە هەر حاڵەتێکیشدا بین، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بەوەی هەرچی لە توانایدا بێت لە خزمەتی هاووڵاتییانی کوردستاندا بێت."