کاتژمێر 12:00 سەرۆکی حکوومەت کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی دەکات
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لەبارەی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، قسە دەکات.
بڕیارە کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 25-06-2025ـی ئەنجوومەنی وەزیران؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باس لە کێشەی مووچەی مووچەخۆران، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و بارودۆخی عێراق و گشتیی ناوچەکە بکات.
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران کاتژمێر 10:00ـی بەیانی، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران دەستی پێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا دوو بڕگە تاوتوێ دەکرێن:
بڕگەی یەکەم:
بارودۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان و مووچەی مووچەخۆران كە بۆ ماوەی دوو مانگە بە بڕیارێكی نادەستووریی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، خەرجكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە و دواهەوڵەكانی چارەسەری ئەم بابەتە، تاوتوێ دەكرێت.
بڕگەی دووەم:
ڕاپۆرتی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی/ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی، سەبارەت بە خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی كرێكاران لە هەرێمی كوردستان و پێشكەشكردنی ئامار و زانیاریی بەرەوپێشچوونەكان لەمبارەیەوە گفتوگۆ دەكرێت.