مەسرور بارزانی: ڕێککەوتنەکانمان لەگەڵ دوو کۆمپانیا ئەمەریکاییەکە یاسایی و دەستوورین
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 25-06-2025ـی ئەنجوومەنی وەزیران؛ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، لەبارەی ئەو دوو گرێبەستانەی حکوومەت لە واشنتن، لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمەریکایی کردوویەتی، جەختی کردەوە، گرێبەستەکان یاسایی و دەستوورین و مافی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە، ئیمزایان بکات.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا، ئەو دوو گرێبەستانەی کراون، پێشتر لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمەریکا ئیمزا کرابوون، بەڵام ئەوان نەیاتوانی گرێبەستەکە جێبەجێ بکەن، بۆیە وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناچار بوون، گرێبەست لەگەڵ دوو کۆمپانیای دیکەی ئەمەریکی ئیمزا بکەن کە زیاتر لە 15 ساڵە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن.
سەرۆکی حکوومەت دووپاتیشی کردەوە، هیچ شتێکی نایاساییان لە واشنتن نەکردووە تا حکوومەتی عێراق بیکاتە بیانوو و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەنێرێت.