په‌رله‌مانی عێراق ڕێكاری یاسایی به‌رانبه‌ر به سه‌رپێچییه‌كانی كۆمپانیای نه‌وتی ناوه‌ڕاست ده‌ست پێ كرد

لیژنه‌ی نه‌وت له په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێت: جووڵه یاساییه‌كانیان له باره‌ی سه‌رپێچییه‌كانی كۆمپانیای نه‌وتی ناوه‌ڕاست ده‌ست پێ كردووه؛ جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، سه‌رپێچییه‌كان گه‌وره‌ن و نابێت به‌رانبه‌ریان بێده‌نگ بن.
چوارشەممە، 25ـی حوزه‌یرانی 2025، عه‌لا حه‌یده‌ری، ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌وت له په‌رله‌مانی عێراق گوتی: جووڵه یاساییه‌كانیان له باره‌ی سه‌رپێچییه‌كانی كۆمپانیای نه‌وتی ناوه‌ڕاست ده‌ست پێ كردووه و دا‌واشیان له محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و حه‌ییان عه‌بدولغه‌نی، وه‌زیری نه‌وتی فیدراڵ كردووه، ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كۆمپانیا له كاره‌كانیان دوور بخاته‌وه، به‌ڵام تا ئێستا وه‌ڵامیان نه‌داونه‌ته‌وه و ناچار بوون په‌نا ببنه به‌ر دادگا.
عه‌لا حه‌یده‌ری گوتیشی: هه‌رگیز ناتوانن به‌رانبه‌ر سه‌رپێچییه‌كانی كۆمپانیاكه بێده‌نگ بن و به‌ڵگه‌ی وردیان هه‌یه كه ده‌یسه‌لمێنێت سه‌رپێچیی له گرێبه‌سته‌كان كراوه و سامانی گشتیی به‌فیڕۆ دراوه.
كۆمپانیای نه‌وتی ناوه‌ڕاست، یه‌كێكه له كۆمپانیا سه‌ره‌كییه‌كانی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق، به پێی ڕاپۆرته‌كان و زانیارییه‌كان گه‌نده‌ڵیی له‌و كۆمپانیایه‌دا ئاشكرا بووه، به شێوه‌یه‌ك له‌لایه‌ن كه‌سانی ده‌ستڕۆیشتووه‌وه یاریی به بڕیاره‌كانی ده‌كرێت.
پێشتر، ئه‌ندامانی لیژنه‌ی نه‌وت و گازی په‌رله‌مانی عێراق، له‌م باره‌وه ئاشكرایان كردبوو، ئه‌مجه‌د ئه‌بو ده‌لال، كه‌سێكی نزیكی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كۆمپانیای نه‌وتی ناوه‌ڕاسته و په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و و قووڵی ئابووری و بازرگانیی له نێوانیاندا هه‌یه.
ئه‌ندامانی لیژنه‌ی نه‌وت و گازی په‌رله‌مانی عێراق ئاماژه‌یان به‌وه كردبوو، هه‌ر یه‌ك له ئه‌مجه‌د ئه‌بو ده‌لال و مه‌حموود جبووری، سه‌رپه‌رشتی ئابووریی ئه‌و لایه‌نه سیاسییه جێبه‌جێكاره‌ی كۆمپانیاكه ده‌كه‌ن و به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و دوو كه‌سه و پێدانی به‌رتیل كه ڕێژه‌كه‌ی له هه‌ر گرێبه‌ستێكدا ده‌گاته 20%، هیچ مامه‌ڵه‌یه‌ك ئیمزا ناكرێت.
ئه‌ندامانی ئه‌و لیژنه‌یه‌ی په‌رله‌مانی عێراق كێشه‌یه‌كیان له‌و كۆمپانیایه دۆزیوەته‌وه كه تایبه‌ته به بواری پێشخستنی كێڵگه‌ی غازی عه‌كاز و كێڵگه‌كانی مه‌نسووره.
ڕوونیشیان كردبووه‌وه، كۆمپانیای نه‌وتی ناوه‌ڕاست هه‌لی وه‌به‌رهێنانی به كۆمپانیایه‌كی (وه‌همی) ئۆكرانی داوه كه دوای گوایه ساڵێك له ده‌ستبه‌كاربوونی ئه‌و كۆمپانیایه ده‌ركه‌وتووه، ڕێژه‌ی كۆمپانیایه‌كه له به‌جێهێنانی ئه‌ركه‌كانی 0% بووه!
له چه‌ند مانگی ڕابردوودا ڕاپۆرت و زانیارییه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه كردبوو، گه‌نده‌ڵی له كۆمپانیای نه‌وتی ناوه‌ڕاستدا هه‌یه، به شێوه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رێكی ئابووریی كه سه‌ر به لایه‌نێكی سیاسی عێراقییه ده‌ستی به‌سه‌ر زۆربه‌ی گرێبه‌سته‌كانی ئه‌و كۆمپانیایه‌دا گرتووه و ڕێژه‌ی 20%ـی هه‌ر گرێبه‌ستێكی بۆ خۆی مسۆگه‌ر كردووه.
به پێی زانیارییه‌كانی سه‌رچاوه‌یه‌ك كه بۆ میدیاكانی عێراق قسه‌ی كردبوو، به‌ڕێوه‌به‌ره ئابوورییه‌كه هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵاتی خۆی بۆ ده‌ستبه‌سه‌ركردانی گرێبه‌سته‌كانی كۆمپانیای ناوبراو، به‌كار هێناوه.
ڕوونیشی كردبووه‌وه، گرێبه‌سته‌كان پرۆژه‌كانی پێشخستنی كێڵگه نه‌وتییه‌كان، دۆزینه‌وه، به‌رهه‌مهێنان و خزمه‌تگوزارییه لۆجیستییه‌كان په‌یوه‌ند به كه‌رتی نه‌وتی له خۆ گرتووه.
له‌م باره‌وه، یاسر حوسێنی، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئابووریی له په‌رله‌مانی عێراق گوتبووی: گه‌لی عێراق له بوونی گه‌نده‌ڵی ئابووریی له جومگه‌كانی وه‌زاره‌تی نه‌وتی دوودڵ نین و به هه‌واڵێكی له‌م شێوه‌یه تووشی سه‌رسوڕمان نابن. چونکە ئێستا لە عێراق گه‌نده‌ڵی له هه‌موو كات زیاتره.
جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئابووریی له په‌رله‌مانی عێراق جه‌ختیشی كردبووه‌وه، كه‌سانێك له‌ناو وه‌زاره‌تی نه‌وت به پشتیوانی كه‌سانی ده‌ستڕۆیشتوو گرێبه‌ستی گوماناوی ده‌كه‌ن ئەمەش زیانێکی زۆری به بودجەی گشتیی گه‌یاندووه.