ئۆپێک پڵەس بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر دەکات

وڵاتانی ئۆپێک پڵەس بیر لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت دەکەنەوە و سعوودییە چاوی لە بەدەستهێنانی پشکی زیاترە لە بازاڕی وزەدا.

لە سێ مانگی ڕابردوودا، هەشت وڵاتی سەرەکی لە نێو ئۆپێک پڵەس، ڕێککەوتبوون، ڕۆژانە 411 هەزار بەرمیلی زیاتر نەوت بەرهەم بهێنن، چەند وڵاتیکی ئەندام ڕایانگەیاندووە، ئامادەن جارێکی دیکە بە هەمان بڕ بەرهەمهێنانی نەوت بۆ مانگی ئاب زیاد بکەن.

چاوەڕێ دەکرێت، لە کۆبوونەوەی شەشی مانگی داهاتوودا بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بدەن.

سعوودییە، داوای لە هاوپەیمانییەکانی کردووە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت خێراتر بکەن، ئەمەش سەرەڕای دابینکردنی زۆر و خواستێکی کەمتر دێت، کە نرخی نەوتی لە مانگی نیسان گەیاندە نزمترین ئاستی چوار ساڵی ڕابردوو.