بەغدا و واشنتن جەخت لە فراوانكردنى بەرژەوەندییە ھاوبەشەكان دەكەن

جەخت لەسەر بەردەواميدان به‌ كاری هاوبه‌ش كرایه‌وه‌

 K24- ھەولێر

له‌ دیدارێكی نێوان فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ماتیۆ تولەر، بالیۆزی ئەمەریكا لە عێراق جه‌خت لەسەر بەردەوامیدان بە ھەوڵه‌‌كانی جێبەجێكردنی كاری هاوبه‌شی نێوان ھەردوو وڵات كرایه‌وه‌، بەشێوەیەك كە رێز لە سەرەوەری خاكی عێراق بگیرێت و بەرژەوەندییە ھاوبەشەكان فراوانتر بكرێن.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وەزارەتی دەرەوە عێراق لە رایگه‌یاند: "ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە عێراق سه‌ردانی وه‌زاره‌ته‌كه‌یان كرد و له‌گه‌ڵ فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ كۆبووه‌وه‌". روونیشكردەوە "ھەردوولا باسی پەرەپێدانی پەیوەندییە ستراتیژییه‌كان، دوولایەنەی نێوان بەغدا و واشنتن و گرنگیدان بە هاوكاری هاوبه‌ش كرده‌وه‌، بە مەبەستی فراوانكردنی بەرژەوەندییەكانی ھەردوو وڵات".

گوتیشی:" ھەردوولا باسی ئەنجامەكانی سەردانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری بۆ واشنتنیان كرد" ، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "له‌ دیداره‌كه‌دا جەخت لەسەر بەردەوامیدان به‌ جێبەجێكردنی ھاوبەشییەكی كارا كرایه‌وه‌، بەشێوەیەك كە رێز لە سەروەری خاكی عێراق بگیرێت و بەرژەوەندییه‌ ھاوبەشه‌كان فراوانتر بكرێن".