لە سنە پێدانی کار بە خەڵکی بیانی قەدەغە کرا

بەڕێوەبەری گشتیی هاوکاریی و کاروباری کۆمەڵایەتیی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێدانی کار و دەرفەتی کار بە خەڵکی بیانی لە سنووری پارێزگاکە قەدەغە دەکات و ڕایگەیاندووە، ئەو دەرفەتی کارانەی لە سنووری سنە هەن، دەبێت بۆ خەڵکی خۆجێی پارێزگاکە بن، نەوەک خەڵکی دیکە.

بورهان سەڵەواتی، بەڕێوەبەری گشتیی هاوکاریی و کاروباری کۆمەڵایەتیی پارێزگای سنە، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێرانی ڕاگەیاندووە، پێدانی کار بە خەڵکی بیانی و بێموڵەت و بێبەڵگەنامەی کارکردن لە سەرجەم یەکەکانی وەک بەرهەمهێنان، پیشەسازی، کرێکاری ئاسایی بیناسازی هەموو جۆرەکانی دیکەی کارکردن قەدەغەیە و هەر خاوەنکارێکیش سەرپێچی بڕیارەکە بکات، ڕووبەڕووی یاسا و سزا دەکرێتەوە.

سەڵەواتی،  ئاماژەی داوە، بە گوێرە ماددەی 120 یاسای کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی ئێران، نابێت خەڵکی بیانی لە ئێران کاریان پێ بدرێت، مەگەر بە یاسایی هاتبێت و لە ئێران مافی مانەوە و کاری وەرگرتبێت و خاوەنی مۆڵەتی کاری پیشەیی هەبێت.

سەڵەواتی هۆشداری داوەتە سەرجەم یەکەکانی کار و کارگەکانی پارێزگای سنە، لە ئەگەری کەمیی هێزی مرۆیی بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان، دەبێت پەیوەندی بە فەرمانگەکانی کارو کاروباری کۆمەڵایەتییەوە بکەن. ڕاشیگەیاندووە، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی سەرجەم شوێنەکانی کار، لە کارگەکان و ئەو خانوو و باڵەخانانەی تازە دروست دەکرێن، بەسەر دەکەنەوە بۆ دڵنیابوونەوەی لەوەی کرێکاری بیانییان تێدا نییە.

بەڕێوەبەری گشتیی هاوکاریی و کاروباری کۆمەڵایەتیی پارێزگای سنە داواشی کردووە، لە بوونی هەر کرێکارێکی بیانی و بێمۆڵەتی کار، نووسینگە، یان بەڕێوەبەرایەتییەکانی کاروکاروباری کۆمەڵایەتیی ئاگادار بکرێنەوە. ڕاشیگەیاندووە، ئەم هەنگاوە لە پێناو کەم کردنەوەی ڕێژەی بێکارییە لە پارێزگای سنە.

بە گوێرەی دوا سەرژمێریی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە نۆ ساڵ لەمەوبەر کراوە، کۆی دانیشتووانی پارێزگای سنە یەک ملیۆن و 665 هەزار و 900 کەس بووە و %65 شارنشین و %35ی گوندنشین بوون، هاوکات ڕێژەی بێکاری لە پارێزگاکە %6 بووە.