76 پڕۆژه‌ به‌ بڕی 166 ملیار دینار ئه‌نجامدراون

به‌رده‌وامی كار و پڕۆژه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م

K24- ھەولێر:

لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستانەوە، گرنگییەكی زۆر بە پڕۆژه‌ گه‌وره‌ و بچووكه‌كانی رێگاوبانەكان دراوە،  بەپێی ئامارەكانی بەردەست بریكاری وەزارەتی پلاندانان، ژمارەی ئەو پڕۆژانەی كە لە كابینەی نۆیەمدا ئه‌نجامدراون و نۆژەنكراونەتەوە بریتین لە 76 پرۆژە و بڕی 166 ملیار دیناریان تێچووە. جگە لە جێبەجێكردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانی، كە 400 ملیاری وەك قۆناغی یەكەم بۆ تەرخان كراوە.

رێگاو بان یەکێکە لە سێکتەرە ھەرە پڕ بایەخ و گرنگەكانی کابینەی نۆیەم، بۆیە لە سەرەتای دەستبەكاربوونی ئەم كابینەیەوه‌، ھەوڵدراوە رێگاوبانە خراپەكان نۆژەن بكرێنەوە، لەھەمان كاتدا ژمارەیەك رێگاوبانی ستراتیژی نوێش درووستبكرێن.

بریكاری وەزارەتی پلاندانان، بە وردی ژمارەی ئەو پڕۆژانە و بڕی تێچوونیان ئاشكرا دەكات، كە لەسەر فەرمان و راسپاردەی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

زاگرۆس فەتاح، بریكاری وەزارەتی پلاندانان گوتی: ژمارەی ئەو پڕۆژانەی كە لە كابینەی نۆیەمدا درووستكراون و نۆژەنكراونەتەوە بریتییە لە 76  پرۆژە و 166 ملیار دیناریان تێچووە. جگە لە جێبەجێكردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانی كە 400  ملیاری دیناری وەك قۆناغی یەكەم بۆ تەرخان كراوە.

بەپێی ئامارەكانی بریكاری وەزارەتی پلاندانان، پڕۆژە ستراتیژییەكانی رێگاوبان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان

كە كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردن له‌مانه‌ی خواره‌وه‌ پێكهاتوون:

                رێگای رانیە - ژاراوە

                رێگای کەلار - کفری

                رێگای هەولێر - گۆپاڵ

                رێگای رۆڤیا - گۆپاڵ

                رێگای کەلار - دەربەندیخان

                رێگای باشماخ - پێنجوێن

                رێگای دوکان - چوارقوڕنە

                رێگای هەڵەبجە - سەیدسادق

                تونێلی پیرمام

                ئۆڤەرپاسی دهۆك

                درووستکردنی شەقامێك بۆ نەخۆشخانەی پێشمەرگە.

لە بواری ئاو و ئاوەڕۆشەوە چەندین پڕۆژەی ستراتیژی دیكە ھەن.

بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستدان، لە ماوەی شەش مانگدا 166 ملیار دینار لە درووستکردن و نوژەنکردنەوەی رێگاوبانەکاندا خەرج کراوە، بەشێك لە پڕۆژەكانیش سەرەڕای قەیرانی دارایی كاركردن تێیاندا لەلایەن بەڵێندەرەكانەوە بەردەوامە.