رەفیقی وێنەگر كۆچی دوایی كرد
وێنەی زۆربەی كەسایەتی و گەڕەكەكانی سلێمانی ئەرشیف كردووە
K24 - سلێمانی
بەرەبەیانی ئەمڕۆ رەفیق مەحموود محەمەد ناسراو بە رەفیقی وێنەگر لە سلێمانی كۆچی دوایی كرد.
جەمال ساڵح، سەرۆکی کۆمەڵەی وێنەگرانی کوردستان - لقی سلێمانی بە کوردستان 24 راگەیاند "بەرەبەیانی ئەمڕۆ رەفیق مەحموود ناسراو بە ڕەفیقی وێنەگر بە نەخۆشی درێژ خایەن کۆچی دوایی کرد، خولێخۆشبوو برای محەمەد قودسی بوو، لە خۆشەویستی پیشەكەی و پاراستنی ئەرشیفی سلێمانی ماڵەکەی خۆی کردووە بە گەلەری وێنەکانی".
رەفیقی وێنەگر لە ساڵی 1932 لە گەڕەكی گۆیژەی شاری سلێمانی لە دایكبووە و لە ئامێزی خێزانێكی خوێندەوارو نیشتمانپەروەردا پەروەردە بوو. هەر لە منداڵییەوە بەهۆی مەحموود ئەفەندی رەسامی باوكییەوە، بە كامێراو فۆتۆ ئاشنا بوو، چونكە باوكی بە فۆتۆگرافەرە پێشەنگ و دێرینەكانی شاری سلێمانی دادەنرێ، ئەو دوای جەنگی یەكەمی گێتی، بەخۆی كامێراكەیەوە لەناو سوپای عوسمانییەوە بۆ شاری سلێمانی گەڕایەوەم و كاری فۆتۆگرافەری كردە خولیاو سەرچاوەی بژێویی ژیانی، بەوەش ئەو پیشەیە لای رەفیقی كوڕی خۆشەویست دەبێت و درێژەی پێدەدات.
بەهۆی ئەوەی محەمەد قودسی برای لەگەڵ سێ ئەفسەری دیكەدا بەشداری كۆماری كوردستان لە مەهاباد دەكەن و دوای روخانی كۆمار دەگەڕێنەوە عێراق، لە 19ی حوزیرانی 1947 لەلایەن رژێمی پاشایەتییەوە لەسێدارە دەدرێن و دواتریش خانەوادەكەی نەفی دەكرێن بۆ شارەكانی هەولێرو كۆیە و رواندز، ئیدی رەفیق دەرفەتی خوێندنی لەدەست دەچێ و خۆی بۆ كاری فۆتۆگرافەری تەرخان دەكات.
رەفیقی وێنەگر، ساڵی 1954 لە شاری سلێمانی و لە نزیك سەرا ستۆدیۆیەكی بەناوی خۆیەوە داناوە و بە كاری فۆتۆگرافییەوە سەرقاڵ دەبێت، ئەرشیفی وێنەیی باوكی دەوڵەمەندتر دەكات.
ساڵی 1962 پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلولەوە دەكات و دەبێتە پێشمەرگە، لە ژیانی پێشمەرگایەتیش بایەخ بەهونەری وێنەگرتن دەدات و چەندین وێنە و ڤیدیۆی جوان و ناوازەی ناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕشدا دەگرێت. دوای پێشمەرگایەتی و هاتنەوەی بۆ ناوشای سلێمانی لەسەر كاری فۆتۆگرافەری بەردەوام دەبێ و زۆربەی تەمەنی خۆی بەو كارە پیرۆزە دەبەخشێت.
رەفیقی وێنەگر نزیكەی نیو ملیۆن وێنەی جیاجیای سەرانسەری كوردستان هەیە و نزیكەی 34 هەزار جامی وێنەی نەشۆراوەی هەیە.